دامەزراوەی نەقاهەی عێراقی بۆ هاوڵاتی: هەرێم كەمتەرخەمە بەرامبەر بە چارەسەركردنی ئالوودەبوان بە ماددە هۆشبەرەكان
7 ڕۆژ لەمەوپێش
ئیناس كەریم
دامەزراوەی نەقاهەی عێراقی:
- رێژەی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و ئالوودەبوان لە هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە.
- لەماوەی ساڵێكدا نزیكەی 300 ئالوودەبو لە هەرێمەوە هاتون بۆ نەخۆشخانەكانی بەغدا بۆ لام چارەسەر وەربگرن.
- لە هەرێم هەڵمەتی هۆشیاریان نیە سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەكان.
دامەزراوەی نەقاهەی عێراقی بۆ چارەسەركردنی ئالوودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان رایگەیاند رێژەی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و ئالوودەبوان لە هەرێمی كوردستان زۆر زیادی كردووە.
ئیناس كەریم سەرۆكی دامەزراوەكە تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند رێژەی بڵاوبونەوە و بازرگانیكردن و ئالوودەبون بە ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرزبۆتەوە.
ئاشكراشیكرد بەو هۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بنبڕكردنی ماددە هۆشبەرەكانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و هێزە ئەمنیەكانی كوردستان شاڵاوێكی دەستگیركردنیان لە هەرێم دەستپێكرد و ژمارەیەكی زۆریان دەستگیركرد لەو كەسانەی لە ماددە هۆشبەرەكانەوە تێوەگلاون.
وتيشى: لەماوەی ساڵێكدا نزیكەی 300 ئالوودەبو لە هەرێمەوە هاتون بۆ نەخۆشخانەكانی بەغدا بۆ لام چارەسەر وەربگرن، چونكە نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری ئالوودەبوان لە هەرێمی كوردستان بونی نیە.
رونیشیكردەوە من لە هەوڵدام بەهاوكاری لەگەل یەكێك لە دەزگا حكومیەكانی هەرێم، ئیش لەسەر كردنەوەی نەخۆشخانەیەك دەكەین كە دەبێته یەكەم نەخۆشخانە لە هەرێم تایبەت بە چارەسەركردنی ئالوودەبوان .
باسی لەوەشكرد لە هەرێم هەڵمەتی هۆشیاریان نیە سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەكان، من هەرگیز هەڵمەتی لەمجۆرەم نەبینیوە لە كەرنەڤاڵ و قوتابخانە و زانكۆكاندا و زۆر گرنگ و پێویستە هەرێمی كوردستان گرنگی بە بابەتی هۆشیاری بدات سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەكان و ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و ماندوبون و پاڵپشتی هەموانە.