ڕاوێژكارێكی دادگای فیدڕاڵی بۆ هاوڵاتی: حكومەتی عێراق مافی ئەوەی هەیە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمدا بگرێت
13 كاتژمێر لەمەوپێش
حەمزە جەواهیری
- بەپێی دەستور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی عێراق بێت.
- ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵی پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی عێراقە .
- حكومەتی فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرێت.
حەمزە جەواهیری راوێژكار لە دادگای فیدڕاڵی عێراق و شارەزا لە بواری نەوت رایگەیاند بەپێی دەستور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی عێراق بێت.
حەمزە جەواهیری ڕاوێژكاری پێشووی دادگای فیدڕاڵی عێراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند میكانیزمی راست و دروست و سەركەوتوو بۆ گێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەهیچ جۆرێك لە جۆرەكان ناكرێت دەستور و یاسا عێراقیەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕیاری دادگای پاریس پشتگوێ بخرێت.
وتيشى: ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵی پێشێلكردنی دەستور و یاساكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و دادگای فەڕەنسای نێودەوڵەتيه، ئەمەش بەواتای پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی عێراقە .
رونیشیكردەوە رێكەوتن و نەرمی نواندن سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان ، راست و دروست نیه و دەستوری و یاسای نین و حكومەتی فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرێت لەڕێگای بە نیشتیمانكردنیەوە.
ئاماژەشیكرد بەنیشتیمانیكردن مافێكی یاسایی جیهانی ناسراوە و پێویستە حكومەتی عێراق پەنای بۆ بەرێت وئەمە هەلێكی مێژووییە و دەبێت حكومەتی فیدڕاڵی بیقۆزێتەوە بۆ بەنیشتیمانیكردنی نەوتی بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتایی بەم كێشەبە بهێنێت.