ترەمپ: ئاوایە حکومەتەکەی
د. سەردار عەزیز
6 ڕۆژ لەمەوپێش
ترەمپ: ئاوایە حکومەتەکەی
د. سەردار عەزیز
سەرکەوتنی گەورەی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردندا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر چۆنێتی پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی حکومەت. لە ماڵی ترەمپ لە مارا لاگۆ ژورێکی تایبەتیان تەرخانکردوە بۆ تەجنیدی ئەندامانی حکومەتی داهاتوو. ژورەکە چەند تەلەفزیونێکی گەورە بە دیوارەکانیەوەیەتی و برێک کاغەزیش لە سەر مێزێکە. ترەمپ بە خواردنەوەی کۆلای بێ شەکەر (دایەت کۆک)، تەماشای تەلەفزیون دەکات و تەلەفون دەکات. بێگومان کە دەچێتە کۆشکی سپیش ئەم خوە درێژە پێدەدات.
ئەو کەسانەی کە ترەمپ دەستنیشانیان دەکات جێگای سەرسوڕمان و لە هەمانکاتدا نابێت جێگای سەرسوڕمان بن. ترەمپ بە پێچەوانەی حکومەتی پێشوی، خۆی وەک کەسێکی ناوەندیی دەبینێت لە حکومەتدا و دەبێت هەموو ئەوانی تر لە دەوری ئەو بن. لەم پرۆسەیەدا دوو شت گرنگە، یەکەم، ئەو کەسانەی کە دەستنیشانی دەکات بۆ حکومەت دەبێت ئەوپەڕی وەلائیان هەبێت بۆی و بە هیچ شێوەیەک ڕێگریی و دژایەتی نەکەن. دووەم، نابێ وەک جاری پێشوو، پشێویی و دزەکردن و وازهێنان ببێتە بەشێک لە حکومەت.
هاوەرد لوتنیک و سوسی ویلز
بەڵام هەتا ئێستا خەسڵەتێک کە زاڵە، دۆستایەتی زۆر قوڵی ئیسرائیل و دژایەتی ئێرانە. ئەمە پێچەوانەی ئەو وێنا و خەیاڵانە بوو کە هەندێک، بە تایبەتی عەرەب و عێراقیی و موسوڵمانان لە ئەمریکا بۆخۆیان دروستکردبوو کە گوایە ترەمپ کۆتایی بە شەڕەکان دەهێنێت و ئاشتی بۆ ناوچەکە دەهێنێت.
دوو کەسایەتی کە پۆستی گرنگیان هەیە، مارکۆ ڕۆبیو و مایکڵ واڵتزن. یەکەمیان دەبێت بە وەزیری دەرەوە و دووەمیان بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی. هەردوو ئەندامی کۆنگرێسن و لەو کەسایەتیانەن کە دۆستی ئیسرائیلن و دژ بە ئێرانن. هەروەها هەردوکیان دۆستی کوردن. لە ڕاستیدا دانانی مارکۆ بە وەزیری دەرەوە بۆ تورکیا مایەی خۆشحاڵی نەبوو. چونکە تورکەکان بە دۆستی خۆیانی نابینن. تەنانەت تۆمەتی ئەوەی دەدەنە پاڵ کە نزیکە لە گویلەنییەکانەوە.
مایک واڵتز ئەندامی ئەو گروپەیە لە کۆنگرێس کە پشیوانی کوردن، ئەمە چی دەگەیەنێت؟
هەوڵدەدەم بە کورتی ئەو ئەگەرە جیوپۆلەتیکیە بخەمە بەرچاو کە ئەگەری هەیە لە ناوچەکەدا سەرهەڵبدات. لە ئێستادا، بە تایبەتی پاش کۆتایی دیموکراتەکان کە ڕێگربوون لە بەکارهێنانی هێزی زۆر لە لایەن ئیسرائیلەوە، وەها دیارە ئیسرائیل زیاتر دەستکراوە دەبێت بەرامبەر ئێران لە سەردەمی ترەمپدا. لە هێرشەکانی پێشویدا، ئیسرائیل ئەو پەیامەی بە ئێران دا، یان ئەوەی پێشان دا کە دەتوانێت چی بکات و بگاتە کوێ. بۆیە پەیامەکە بۆ ئێرانیەکان ئەوەبوو کە هەموو جێگا ستراتیژییەکانیان لە ناو بازنەی لێدانی ئیسرائیلدایە.
چاوەڕوان دەکرێت ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لاوازکردنی زیاتری ئێران بێت و هەروەها پشتیوانی ئەو نیزامە ئیقلیمیە بێت کە نەتانیاهوو بە تەمایە، کە بریتیە لە لاوازکردنی بەرەی موقاوەمە، ئاشتیکردن لە گەڵ عەرەبدا و بونی ئیسرائیل بە ناوەندی نیزامی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم پلانە، یان ئەم ئەگەرە، تورکیای نیگەران کردوە، نەک بەوەی کە تورکیا دەکەوێتە مەترسییەوە وەک ئیدیعای دەکەن، بەڵکو بەوەی تورکیا و ئیسرائیل دەبنە دوو وڵات کە دەخوازن ئەندازیاری نیزامی ئیقلیمی ناوچەکە بن.
کورد دەکەوێتە دڵی ئەم ململانێیەوە چ لە ڕووی جوگرافی و چ لە ڕووی جیوپۆلەتیکەوە. دیارە ئەم پلانە هێشتا ئەگەری بون و سەرکەوتنی ڕون نیە، بەڵام بە لاوازبونی ئێران و بونی عەرەب بە پاشکۆ، ئەوەی دەمێنێتەوە تورکە، کە هەم خواستی بوون بە هێزی ئیقلیمی هەیە و هەم لە هەمانکاتدا توانایی و پێگەی هەیە.
ئێسرائیل دەخوازێت سود لە کورد ببینێت بۆ سنوردارکردنی تورک. بەڵام چ سودێک بە کورد دەگەیەنێت ڕون نیە. گەرچی ڕەنگە لە نێوان جولەکە و کورددا هاوسۆزییەک هەبێت بەڵام لۆجیکی ساردی دەوڵەت زۆر جیاوازە.
لەم ڕوەوە پرسی کورد دەبێتە پرسێکی سەرەکی ئەگەر ئیدارەی ترەمپ، وەک لە ئەندامەکانیدا دیارە، پشتیوانی پرۆژەکانی ئیسرائیل بن. بەڵام کورد بێئاگا و پەرتەوازەیە.