ئیبراهیمی قادری کێ بوو و کەی دەستیکردووە بە گۆرانی؟
کۆچی دوایی هونەرمەند "ئیبراهیمی قادری"
2 هەفتە لەمەوپێش
تایبەتمەندی گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە لە چیدایە و چۆن خزمەتی هونەری کوردی کردووە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
هونەرمەندی دەنگخۆشی موكریان و شاری مەهاباد، (ئیبراهیم كەریم عەبدولڕەحمان عەبدولقادر)، کە نازناوی (ئیبراهیمی قادریی)ی لێ نراوە، لە گوندێكی هەڵكەوتەی نێوان دوو شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان ( مەهاباد و بۆكان) لە گوندی ( عیسا كەند) لە 26-4-1934 لە خانەوادەیەكی جوتیاری خانەدان و هونەردۆست چاوی بە سروشتی جوانی گوندەكەیان هەڵهێناوە. لە دواین چاوپێكەوتنیدا ئیبراهیم قادریی دەڵێت "لەسەر وەسیەتی بابم كە گوێم لێدەبوو ڕێگری لەوە ناكات گۆرانی بڵێم، ساڵی 1951دەستم بە گوتنی گۆرانی كرد".
هونەرمەند ئیبراهیمی قادری باس لەو ڕۆژگارە دەكات كە دەناسرێت و تێكەڵاو بە خەڵكی و ئەو دنیا جوان و شیرینەی گۆرانی وتن بووە و دەڵێت: زۆرینەی ئەو هونەرمەندانەی کە گۆرانی فۆلکلۆرییان وتووە، هیچکامیان دەرچووی هیچ قوتابخانەیەكی هونەری نەبوون، بەڵکو بەو ئامێرە ڕەسەن و سادانەوە ( دەهۆڵ و زوڕنا، باڵەبان، جووزەله و زەڕب) حەوت شەو و حەوت ڕۆژ، بێ ماندووبوون زەماوەند و داوەت و شاییان گێڕاوه و شادی و خەنده و جووڵە و بزەیان خسووەتە سیما و دڵی گوێگر و بیسەرانی ئەو ئاهەنگانەوە.
دیارترین گۆرانییەكانی كە لە باشووردا دەبیستراو جێی ڕەزامەندی گوێگران بوون، گۆرانی ( هەنار هەنار هەنارە، ئەی گوڵم ڕوو لە كوێ كەم، لێوت خوێنی گەشمە، شەهێن و شەهلا، هەی دكتۆر، شەمامه و خاڵخاڵ ، ئەو كراسە گوڵ هەنارە و دەیانی دیكە). شایەنی باسە لەناو گۆرانییە میللیەکاندا، گۆرانییەکانی ئیبراهیمی قادری خاوەن تایبەتمەندی و ڕیتمێکی کوردانەی پڕ لە ڕەسەنایەتین، کە وادەکەن ئەو کەسانەی لەگەڵیدا هەڵدەپەڕن و ئاهەنگ دەگێڕن، جۆشوخرۆشێکی گەرم و لێوان لێو لە شادییان تێبگەڕێ و بە جوڵەی جەستەیان فۆڕمێک لە پێداگری و پابەندی بە خاک و کولتوری دێرینەی کوردانەوە بەرجەستە بکەن.
ئەم هونەرمەندە هەرچەندە ئاستی خوێندەواری كەم بووە، بەڵام سوودی زۆری لەهۆنراوەی شاعیران ( هەژار، هێمن، هێدی، حاجی هاشمی نانەوازادەگان، وەفایی، مستەفا بەگی كوردی، شەریف، سوارەی ئیلخانیزادە و چەندانی تر)..وەرگرتووه و ئاوازی لەسەر داناون و بەدەنگە خۆشەكەی وتوونی.
لە ساڵی (1974) هونەرمەند لەلایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆی كرماشانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان لە بەرانبەر بەخشش و كارە هونەرییەكانی پێدەبەخشرێت.
هونەرمەند ئیبراهیمی قادری، خاوەنی كەسایەتییەكی بەرز و خۆشەویست بووە و لە ماوەی ژیانی هونەریدا لەگەڵ زۆر لە هونەرمەندان پێكەوە گۆرانییان وتووە، لەوانە (حەسەن زیرەك، ڕەسوڵی نادری، سەید محەمەدی سەفایی، عەلی گڵێنانی، سەید عەلی سەردەشتی، قادر مامەندی و ئەحمەد شەنگە و ئیسماعیل سەردەشتی).
لە دوای ڕاپەڕینی باشوری كوردستان لە ساڵی (1991) و هاتنەدی بارودۆخێكی جیاواز لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و كرانەوەی سنوور لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشوور، هونەرمەند لە ساڵی (2003) بە یاوەری هونەرمەندی شمشاڵژەنی گەورە ( قالە مەڕە ) و لە ساڵی (2006) و دواین جار لە ساڵی (2014) هاتووەتە باشووری كوردستان و لە شاری سلێمانی و هەولێر، لەلایەن بەشێك لە كەناڵەكانەوە بانگهێشت كراوە و بەرنامەی هونەری لەو كەناڵە ئاسمانی و لۆكاڵییەكان تۆماركردووە.
هونەرمەند ئیبراهیم قادریی هونەرمەندی ناسراوی كورد، دوانیوەڕۆی سێشەممە لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. بە وتەی “کەمال موحیبی” کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی وتوویەتی: "ئیبراهیم قادریی چوار ساڵە تووشی نەخۆشیی زەهایمەر بووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش دۆخی تەندروستی خراپتر بووە تا دوێنێ بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کردو و ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمەکەی لە شاری مهاباد بە خاك سپێردرا.