چی دەزانیت لە بارەی پیاوی تاوردەوە؟
ئەو پیاوەی بوو بە نهێنی!
2 هەفتە لەمەوپێش
چۆن دەکرێت پیاوێک پاسپۆرتی وڵاتێکی پێ بێت و خەڵکی هیچ شوێنێکیش نەبێت؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
چیرۆکی پیاوی تاورد ڕووداوێکی نائاساییە کە لە ساڵی ١٩٥٤ لە فڕۆکەخانەی هانێدا لە تۆکیۆی ژاپۆن ڕوویدا. ئەم چیرۆکە پڕ لە نهێنییە پەیوەندی بە پیاوێکەوە هەیە کە بە پاسپۆرتێکەوە لە وڵاتێکەوە بە ناوی تاورد گەیشتە فڕۆکەخانە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ژاپۆنەوە نەناسرابوو و لەسەر هیچ نەخشەیەک دەرنەکەوت.
ڕووداوەکە چۆن ڕوویدا؟
بەیانییەک پیاوێکی ئەوروپی کە جل و بەرگێکی جوانی لەبەردا بوو و پێدەچوو تەمەنی لە سییەکاندا بێت، گەیشتە فڕۆکەخانەی تۆکیۆ و پاسپۆرتەکەی پێشکەش بە کارمەندانی پێشوازی کرد. دوای پشکنین کارمەنندەکان سەریان سوڕما، چونکە پاسپۆرتەکە لەلایەن وڵاتێکەوە دەرچوو بوو بەناوی "تاورد"ەوە، نەتەوەیەک کە کارمەندانی پشکنین نەیانتوانی لەسەر هیچ نەخشەیەک بیدۆزنەوە. پیاوەکە بە چەند زمانێک قسەی دەکرد، لەوانە فەرەنسی و ژاپۆنی و بەڵگەنامەکانیشی ڕاستەقینە دەردەکەوتن، چونکە ڤیزەی وڵاتانی دیکەشی لەسەر بوو کە پێشتر گەشتی کردبوو بۆیان.
کارمەندەکان بەهۆی ئەو دۆخەوە سەریان لێ شێوا و پۆلیسیان ئاگادارکردەوە. دواتر پۆلیسەکان پیاوەکەیان دەستبەسەر کرد تا لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا بکەن. بۆ شەوەکەی لە هۆتێلێکدا لە نزیک مەتاڕ لە ژێر چاودێریدا هێشتیانەوە و پاسەوانەکانیان ڕاسپارد بە وردی چاودێری بکەن و دڵنیابن لەوەی لە ژوورەکەیدا دەمێنێتەوە. بەڵام بەیانیەکەی کاتێک دەرگای ژوورەکەی دەکەنەوە دەبینن پیاوەکە لە ژوورەکەیدا نەماوە! دوای ئەوەی هەموو ژوور و ڕاڕەوەکانی هۆتێلە دەپشکنن هیچ نیشانە و ئاماژەیەک لە پیاوەکە و شێوازی هەڵهاتنەکەی نادۆزنەوە ودەبینن هەموو کەلوپەلەکانیشی بە پاسپۆرت و جانتای جلەکانیشییەوە دیار نەماون. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەیەوە ئەنجامیانداوە چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە لەسەری لەوانەش:
سەرنجڕاکێشترین بۆچوون ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕەهەندێکی جێگرەوە یان گەردوونێکی هاوتەریبەوە هاتووە، بەم پێیەش بێت تاورد وڵاتێکی ڕاستەقینەیە و پیاوەکە بە هەڵە پەڕیوتەوە بۆ ناو واقیعی ئێمە و دوای لێپرسینەوە، گەڕاوەتەوە بۆ جیهانەکەی خۆی.
بۆچوونێکی دیکە دەڵێت: ڕەنگە پیاوەکە گەشتیارێکی ناوکات بووبێت، لە داهاتووەوە یان قۆناغێکی تری کاتەوە هاتووە.
هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەو پیاوە سیخوڕ بووە و ناسنامە و بەڵگەنامەکانی هەڵبەسترابوون.
بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە کە تەواوی ڕووداوەکە فێڵ یان تێنەگەیشتن بووە، هەرچەندە ڕەفتاری ئارام و ڕاستیی بەڵگەنامەکانی پێچەوانەی ئەم بۆچوونانە دەسەلمێنن.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ، پیاوی تاورد تا ئێستا وەک نهێنیەکی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە. هیچ بۆچوون و لێکۆڵینەوەیەکی یەکلاکەرەوە نییە ڕاستی و دروستی ئەم ڕووداوە بسەلمێنێت و ئەمەش وای کردووە وەک یەکێک لە ڕووداو و نهێنییەکانی جیهان بناسرێت.