با گۆڕەکەم لەسەر ڕێگای کوردەکان بێت، بۆ ئەوەی هەر کوردێک بەلای گۆڕەکەمدا تێپەڕی تف بارانم بکات!
9 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ساڵی 1923 نوێنەری تورکیا لە ڕێککەوتنی "لۆزان"دا، کاتێک ویستیان پەیماننامە لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپادا واژۆ بکەن، ڕووبەڕووی بەرهەڵستیی نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا بوونەوە.
چونکە ئەوروپا ڕازیی نەبوو ڕێککەوتننامەکە واژۆ بکەن و
گوتیان: لەخۆرهەڵاتی تورکیا کورد و خاکی کورد هەیە،
ئەگەر ئێمە ڕێککەوتننامەکە واژۆ بکەین کوردەکان چیان بەسەردێت؟
وەفدەکەی تورکیا لەوەڵامدا گوتیان: تورکیا بەتەنیا دەوڵەتی تورکەکان نییە، بەڵکو بۆ تورک و کوردیشە، ئەم دوو گەلە بڕیاریانداوە پێکەوە بژین.
بەڵام ئەوکات نوێنەرانی ئەوروپا بەم قسانەی وەفدی تورکیا باوەڕیان نەکرد.
عیسمەت پاشای سەرۆکی وەفدی تورکیا، هاواری بۆ مستەفا کەمال ئەتاتورک برد و گوتی: ئەگەر فریا نەکەویت دەوڵەتی کوردی دروستبووە!
دەبێت کارێکی وا بکەیت بۆ ئەوروپییەکان بیسەلمێنێت کە کورد و تورک پێکەوە دەژین بۆ ئەوەی پەیماننامەی (سیڤەر) هەڵبوەشێنینەوە.
ئەتاتورک داوای لە کوردێکی شاری دەرسیم کرد بە ناوی "حەسەن خەیری"، کە
بەرگی کوردی بپۆشێت و لەگەڵیدا بچێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پیشانی ڕۆژنامەنووسان و وەفدی وڵاتانی دیکەی بدات کە حکومەتی تورکیا کورد و بەرگی نەتەوەیی و زمان و کەلتووری کوردانی پەسەند کردووە.
دواتریش چەند جارێک حەسەن خەیری بەجلی کوردییەوە دەچوو بۆ پەڕلەمانی تورکیا و هاواری دەکرد کە کوردەکان نایانەوێت جیاببنەوە،
بەم کارەشی بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دایە دەست هەموو نوێنەرانی ڕێککەوتنی لۆزان، بۆیە ئەوانیش ڕێککەوتننامەکەیان واژۆکرد و چیتر دەوڵەتی کوردی دروست نەبوو.
دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کەم، بە فەرمانی ئەتاتۆرک حەسەن خەیری دەستگیرکراو ڕەوانەی دادگای ئیستیقلال کرا.
لە دادگا حەسەن خەیری بە جیاخوازی و لەبەرکردنی جلی کوردی لەناو پەرلەمان تاوانبارکرا، هەرچەندە حەسەن خەیری وتی: من ئەو کارەم بۆ ڕێگریکردن لە سەربەخۆیی کورد کرد، دادگاش لەوەڵامدا وتی: دەزانین ڕێگریت کرد لە سەربەخۆیی کورد، بەڵام لەبەرکردنی جلی کوردی لەناو پەرلەمانی تورکیا پێشێلکردنی دەستوورە! دوای ماوەیەک دادگا حوکمی لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر حەسەن خەیری دا.
کاتێکیش بەر لە بەئەنجام گەیاندی حوکمەکەی لێیان پرسی دوا خواستت چییە؟ حەسەن خەیری هاواری کرد و وتی: لەشوێنێکدا بەخاکم بسپێرن
با گۆڕەکەم لەسەر ڕێگای کوردەکان بێت، بۆ ئەوەی هەر کوردێک گۆڕەکەمی بینی تف بارانم بکات!