پ*ە*ی*ە*د*ە: ئێمە بەرەو سەركەوتن ئەڕۆین لە سوریا

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

- نەك تەنها لە رۆژئاوای كوردستان بەڵكو لەهەر چوار پارچەی كوردستان بۆ گەلی كورد بەگشتی دەرفەتێكی زێڕین لە بەردەستماندایە.

- نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێت و شەڕی جیهانی سێیەم دەستپێدەكات و گەلی كورد هەوڵی ئەوەی داوە سەرپەرشتی گۆڕانكاریەكان بكات.

- بەپێویستیشی دەزانین شاندێكی هەرێم سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات زۆر گرنگە بۆ ئێمە.

 

دكتۆر چاڤیدان كەمال نوێنەری پەیەدە لە باشووری كوردستان ڕایگەیاند لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەكانی سوریا ئێمە بەرەو سەركەوتن ئەڕۆین.

دكتۆر چاڤیدان كەمال لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند لەگەڵ كۆچكردن و جینۆسایدی كورد و پیلانگێڕیەكانی دەوڵەتی توركیا دژ بە كوردبە، باوەڕمان بە هێز و ئیرادەی خۆمان هەیە و بەرەو سەركەوتن ئەڕۆین.

وتيشى: نەك تەنها لە رۆژئاوای كوردستان بەڵكو لەهەر چوار پارچەی كوردستان بۆ گەلی كورد بەگشتی دەرفەتێكی زێڕین لە بەردەستماندایە لەم  قۆناغە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بە گۆڕانكاریەكی زۆر گەورەدا دەڕوات.

رونیشیكردەوە: نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕێت و شەڕی جیهانی سێیەم دەستپێدەكات، گەلی كورد هەوڵی ئەوەی داوە سەرپەرشتی گۆڕانكاریەكان بكات بە هێزی ناوخۆیی خۆی، بە ئیرادەی خۆی، بە بیروباوەڕی خۆی.

دەسپێكی سەركەوتنەكانیش لەم دەساڵەی ڕابردوودا لە رۆژئاوای كوردستان بوو ، هێزی سوریا دیموكرات بە تەواوەتی لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی رۆژئاواى كوردستان و پێشڕەویان كردووە.

باشی لەوەشكرد پلانێكی گەورەی دەوڵەتی توركیا هەیە لە دژی گەلی كورد، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت بەهەموو شێوەیەك دەرفەتێك بدۆزێتەوە بۆ جینۆسایدكردنی كورد و دۆزی گەلی كورد بەرەو نادیار و تاریكایی بەرێت، دۆخی ئێمە لە شەهبا و ناوچەكانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلب توشی مەترسیەكی گەورە بووین، هەمیشە پلانی دەوڵەتی توركیا ئەوە بوو خۆسەری باكور رۆژهەڵاتی سوریا سەرنەكەوێت و گەلی كورد مافی خۆی بەدەست نەهێنێت، هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابوو جینوسایدی گەلی كورد بكات و نەهێڵێ‌ كورد نزیكی دەریای ناوڕاست بێت، توركیا بەردەوام پلانی دژ بە كورد داڕشتووە دوا پلانی لەڕێگەی دەستەی تەحریر شام بوو، لەگەل سوپای سوریای نیشتیمانی كە كۆمەڵێك گرووپی چەتە و بەكرێگیراوی توركیان ،بۆ هێرشكردنە سەر گەلی كورد .

وتيشى: لەم گۆڕانكاریە گەورەیەدا هێرشكرایە سەر شەهبا  و ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، هێزی ئێمە هەوڵیاندا ڕێڕەوێك بكەنەوە چونكە ناوچەكانی شەهبا دابڕاوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە خۆسەری ئێمە لەوێ‌ زیاتر بەهێزترە بۆ ئەوەی گەلی خۆمان بپارێزین یان ڕێگری لەوە بكەین رووبەڕووی جینۆساید نەبنەوە  لە سوریا ، بەهەمان شێوە ڕێگەمان كردەوە لە نێوان شەهبا و ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، پلانێكی گەورەی توركیا هەیە بۆ ئەوەی گەلی كورد لە رۆژئاوای ڕووباری فوڕات بمێنێت.

ئاماژەشیكرد وەك ئامار لە ناوچەی شەهبا نزیكەی 200 هەزار گەلی كورد لەوێبون پلانێك هەبوو جینۆساید بكرێن هەروەها لەناوچەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودیش نزیكەی 250 هەزار  بۆ 300 هەزار كوردی لێيه ،كۆمەڵێك كاروانی گەلی ئێمە لە شەهباوە ڕوویان كردە ناوچە ئارامەكانی خۆمان كۆمەڵێك ماون ئێمە لە هەوڵداین ئەوانیش بگوازینەوە.

سەبارەت به ناوچەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودیش ئێمە ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەو هێزانە كە بەتەواوەتی حەلەبیان داگیركردووە لەگەل هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ روسیا لەگەل هەمویان لە گفتوگۆداین ، بەڵام پیمان باش نییە ئەوانیش حەز ناكەن ناوچەكانی خۆیان بەجێبهێڵن ئەمە گۆڕانكاریەكی دیمو گرافی ڕوودەدات و پلانی دەوڵەتی توركیاش جێبەجێدەكرێت و كورد بە تەواوەتی لە ڕوژئاوای ڕوباری فورات نامێنێت ،ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە ئێمە بتوانین بیانپارێزین لەسەر خاكی خۆیان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتیەكان گفتوگۆ بكرێت كە ئەم گەلە پارێزراوبێت.

دووپاتیكردەوە وەك ئیدارەی خۆمان لە رۆژئاوای كوردستان ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەی سوریایەكی ناوەندی دابمەزرێنین ، عێراقیش دوور نییە لەم پلانانە وەكو چۆن حەلەب بە ویلایەتێكی توركی دەبینن موسڵیش بە ویلایەتێكی توركی دەبینێت دەرفەتێكی بۆ بڕەخسێت نە هەرێمی كوردستان ئەهێڵێت نە رۆژئاوای كوردستان .

داوا دەكەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوچەیەكی دژە فڕین دابمەزرێت بۆ رۆژئاوای كوردستان بەگشتی،  بەردەوامین لەناردنی هاوكاریەكان بەڵام قورسە ئەم كارە چونكە تاكە دەرگایەك هەیە لەنێوان باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەرگای سێمالكایە ،پێویستە شاندێك دروستكەین و لەگەڵ پارتی و پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان قسە بكەین تاكو ئەم دەرگایە بكریتەوه و فشار دروست بكرێت بۆ گەیاندنی هاوكاریەكان بۆ رۆژئاوای كوردستان، داواش لەهەموو ئەو هێزانە دەكەین كە لە سوریان بەئەركی مێژوویی خۆیان هەستن و گەلی كورد بپارێزن، بەپێویستیشی دەزانین شاندێكی هەرێم سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات زۆر گرنگە بۆ ئێمە رۆڵێكی زۆری دەبێت و فشارێكیش دروست دەبێت بۆ ئەوەی دەرگای سێمالكا بكرێتەوە، دەرفەتێكی زێڕینە لەسەركەوتن نزیكین بەڵام دەرگای برادەرانی ئێمە بەڕوماندا داخراوە ئەبێت هەوڵبدەین بیكەینەوە دەرفەتەكە زیاتر دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار