مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە

12 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتی

-حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە هەموو هەوڵێک  دەکات بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
- ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد کە لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی تر، لە بەغداوە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەكان بکات.
- بڕیاردرا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حەفتەی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بکات.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە وچاوەڕوانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت.
مەسرور بارزانی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد  ولە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، تیشکمان خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئێستای سووریا، لەمبارەیەوە دووپاتمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خۆی بە دوور دەگرێت لە هەر کێشە و ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتیی و وەک هەمیشەش بە فاکتەری ئارامیی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای ڕێزلەیەکترگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش. 
وتيشى: لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، بەڕێزان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و خشتەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 پێشکەش کرد. 
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت، کە بەداخەوە، بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە ولیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.
بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق ، چارەسەری بنەڕەتی کورتهێنانی تەرخانکراویی مووچەی هەرێم بکەن، تاکوو مووچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەکانیان بەتەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو  و بیانووی تەکنیکی، نەکرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە پێویستە دوور بێت لە هەموو ناکۆکییەک.  
دووپاتیشیكردەوە هەروەها حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە هەموو هەوڵێک  دەکات لە سەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان. 
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە لە کاتی گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی تر، لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەكان بکات.
هەروەها بڕیاردرا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە حەفتەی داهاتوودا، بۆ بەدواداچوونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 ، سەردانی بەغدا بکات. 
دواتر هەر لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی ڕێکار و ڕێسا داراییەکان لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، لە بڕگەی دووەمی کۆبونەوەکە ، وەزیری دارایی و ئابووری ، پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی بۆ هاوتاکردنی ناونیشانە وەزیفییەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی خشتەی نوێی ناونیشانە وەزیفیەکان کە لە یاسای ساڵی 2024 ی هەموارکراوی میلاک هاتوون، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەداداچوون بۆ ئەم هەموارە بکەن کە لە خشتەی ناونیشانە وەزیفیەکانی یاسای میلاک هاتووە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێم و بەرژەوەندی فەرمانبەران تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت. 
رونیشیكردەوە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی بەڕێز ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی دۆخی پێکهاتەکان و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان . 
ئەنجومەنی وەزیران پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن و پەرەپێدانی مافەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار