فەرەنسا هەوڵی یەكخستنی كوردی سوریا دەدات
16 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی
- شاندێکی فەرەنسا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا کۆبوونەتەوە.
- پێویستە کورد یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان بپارێزن.
فەرەنسا هەوڵدەدات شاندێکی یەکگرتووی کورد پێكبهێنێت بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام.
شاندێکی فەرەنسا لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا کۆبوونەتەوە و شاندەکە بە ئەنەکەسەیان وتووە: "پێویستە کورد یەکدەنگ بن."
شاندەکەی فەرەنسا وتوویانە: "پێویستە کورد یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان بپارێزن." هەر بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی فەرەنسا و ئەنەکەسە، لەبارەی دیالۆگی کوردی-کوردی قسەیان کردووە.
شاندەکەی ئەنەکەسە لە ئیبراهیم ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە و ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی محەممەد ئیسماعیل، فەیسەڵ یوسف، نیعمەت داود، زەهرە ئەحمەد و عەبدولباری خەلەف پێکهاتبوو.
چەند رۆژێكە شاندێکی فەرەنسی - ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستانن و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی شاندێکی یەکگرتوو پێکبهێنن و بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر حکومەتی داهاتووی سووریا و بەڕێوەبەریی رۆژهەڵاتی رووباری فوورات و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان، بچنە دیمەشق، بەڵام پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی ئەنەکەسە و پەیەنەکە بهێنرێت.
کۆبوونەوەکانی شاندی فەرەنسی - ئەمریکی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەکاتێکدان کە رۆژی یەکشەممە 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و لە میدیای فەرمیی دەوڵەت رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان راگەیاند. دواتر، رووسیا رایگەیاند بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرییان پێدراوە.