مەسعود بارزانی: بە پەیامەكەی ئەحمەد شەرع خۆشحاڵم
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سوریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین.
- هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لە بەرامبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا.
- ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی بەهێز، پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سوریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند تێڕوانینی ئەحمەد شەرع بۆ کورد و داهاتووی سوریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازی لێ دەکەین.
ئەمڕۆ یەكشەممە مەسعود بارزانی، پەیامێكی لەبارەی لێدوانێكی ئەحمەد شەرع و دۆخی كورد لە سووریا بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سوریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین."
وتيشى: "لێدوانێکی بەڕێز (احمد الشرع)ـم لەبارەی گەلی کورد لە سوریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و هاوبەش لە سوریای داهاتوو وەسف کردبوو، ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین، هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لە بەرامبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا."
ئاماژەی بەوەش داوە: "ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی بەهێز، پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سوریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سوریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن."
پێشتر ئەحمەد شەرع سەرۆكی ڕێكخراوی تەحریر شام ڕایگەیاند كورد بەشێكە لەگەلی سوریا و لەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێك لە كورد ناكرێت و بەشێك دەبێت لە داهاتوی سوریا.