ئازاد دۆسكی بۆ هاوڵاتی: كێشە ئابوریەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی زیاتر سیاسین

20 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەكردنی: محمد فاتح حامد

- خەڵكی هەرێمی كوردستان بوونە قوربانی ئەو تەوافوقە سیاسیانەی لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا كراوە.

- حكومەتی فیدڕاڵی ئامادە نییە لە داهاتی بەسرە و پارێزگاكانی تری عێراق كەموكوڕیەكانی هەرێم پڕبكاتەوە.

- بابەتی پاشەكەوتی مووچە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و هیچ پەیوەندی بە حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە نییە.

 

ئازاد دۆسكی ڕاوێژكاری دەستوری ڕایگەیاند چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بریتیە لە دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی.

ئازاد دۆسكی تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە 2014وە سەری هەڵدا بەهۆی ئەوەی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پشكی هەرێمی كوردستانی بڕی.

وتيشى: كێشە ئابوریەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی زیاتر سیاسین و خەڵكی هەرێمی كوردستان بوونە قوربانی ئەو تەوافوقە سیاسیانەی لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا كراوە.

رونیشیكردەوە: بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، حكومەتی هەرێم دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق بكات لەبەرامبەردا پشكی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت.

باسی لەوەشكرد لەبرسیكردنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەردوو حكومەتەكە كەمتەرخەمن، چ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و چ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، ئەگەر نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە نەكرێت كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ناكرێت و حكومەتی فیدڕاڵی ئامادە نییە لە داهاتی بەسرە و پارێزگاكانی تری عێراق كەموكوڕیەكانی هەرێم پڕبكاتەوە.

دووپاتیشیكردەوە: چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بریتیە لە دووبارە هەناردەكردنەوەی هەرێمی كوردستان و ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی و دەبێت پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان سەرف بكرێت لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە، بەڵام بابەتی پاشەكەوتی مووچە پەیوەستە بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و هیچ پەیوەندی بە حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار