سەرۆكی ڕووسیا پاڵپشتی خۆی بۆ كورد ڕاگەیاند
دوێنێ
هاوڵاتی
- دەبێت پرسی کورد لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا چارەسەر بکرێت.
- پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپی بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان بە کورد داوە و بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان جێبەجێ نەكردوە.
- تورکیاش دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەمو وڵاتان بگیرێت.
ڤلاديمێر پوتن سەرۆكی ڕووسیا ڕایگەیاند، دەبێت پرسی کورد لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا چارەسەر بکرێت، تورکیاش دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەمو وڵاتان بگیرێت.
ڤلاديمێر پوتن، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ساڵانەی خۆی بۆ پێداچونەوە بە ئەنجامەکانی ساڵی 2024 و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی و جیهانی ڕایگەیاند، "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و باس لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستی ئەوان دەكەین، هەڵوێستی ئێمەش ناسراوە و پەیوەست نییە بە گۆڕانی هەلومەرجی سیاسییەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، "تورکیا هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنورەکانی باشوری خۆی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سووریا، ڕەنگە گرووپە کوردییەکان لە سنورەکان دوور بخاتەوە، ڕەنگە هەموو ئەمانە مومکین بن و نەتواندرێت جێبەجێ بکرێن".
ڤلادیمێر پوتن باسی لەوەشكرد، "پێویستە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان کە مافی چارەنوسی گەلان دیاری دەکات، جێبەجێ بکرێت".
ئەوەشی خستەڕو، "پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی ئەوروپی بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان بە کورد داوە و بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان جێبەجێ نەكردوە، ئەمە پرسێکی زۆر ئاڵۆزە کورد خەباتکاری بەتوانایە و دەبێت پرسی کورد لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکاندا چارەسەر بکرێت".
سەرۆكی ڕوسیا ڕونیكردەوە، " تورکیاش دەبێت ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاسایشی وڵاتەکەیەوە چارەسەر بکات، بەڵام دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەمو وڵاتان بگیرێت، بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتی ئێستای سوریا".