هه‌سه‌ده: ناوچه داگیركراوه‌كان ئازاد دەكەین
دوێنێ
هاوڵاتی
- كاتی ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەیه كه لە ژێر داگیرکاریی تورکیا و گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیایه.
- توركیا کەڵک لە ململانێی ناوخۆی سووریا وەردەگرێت بۆ داگیرکردنی تەواوی جوگرافیای سووریا.
- دوایین هۆشداریش ده‌داته گروپه چه‌كداره‌كان كه 31ی 12ی 2024 ده‌رفه‌تیان پێده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه به‌جێبهێڵن.
سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) ڕایگه‌یاند، ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئۆپه‌راسیۆنی تایبەت به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنی ناوچه داگیركراوه‌كانی گرێ سپی و سه‌رێ كانی.
هه‌سه‌ده له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، هێزه‌كانیان، خۆیان بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌ت ئاماده ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی ئازادكردنی ناوچه داگیركراوه‌كان كه ئێستا له ژێر ده‌ستی توركیا و گروپه چه‌كداره‌كاندایه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "ئەوە دوا بانگەوازە کە سەرکردایەتیمان ده‌یكات، بەو پێیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت دژی شوێنەکانی داگیرکەری تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان، بەم پێیە داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە دەوری هێزەکانیان کۆببنەوە و پشتیوانیان بکەن".
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، "ئێمە له‌گه‌ڵ گەلەکەمان و دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانی گرێ سپی و سه‌رێك كانی ده‌ڵێین، كاتی ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەیه كه لە ژێر داگیرکاریی تورکیا و گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به توركیایه".
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، "داوا لە دانیشتوان و چەکدارانی ناو کوتلەکانی سەر بە تورکیا دەکەین، کە ملکەچی داگیرکاری بون و ساڵانێک لە ژێر ئاڵای تورکیادا دژی گەلی سوریا شەڕیان کرد، کە دوا دەرفەتی سەرکردایەتیمان کە پێشکەشی کردبو، بقۆزنەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو شارۆچکە و شارانەی کە لێیەوە هاتونەتە ناو سوریا".
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، "تورکیا بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە ژیانی سورییەکان نادات و باکوری سوریای کردوە بە قەڵغانی تیرۆر و هەڕەشە لە زێدی ئێمە و هەموو ناوچەکە دەکات، توركیا کەڵک لە ململانێی ناوخۆی سوریا وەردەگرێت بۆ داگیرکردنی تەواوی جوگرافیای سوریا، با هەمومان یەکبگرین بۆ دەرکردنی ئەم داگیرکارییە لە زێدی خۆمان، چونکە هیچ هاوکاری و پشتیوانییەک بۆ سورییەکە نییە جگە لە برایه‌تی نێوان سورییەکان".
وتيشى: ئێمە دەستی هاوکاری درێژ دەکەینەوە بۆ هەر چەکدارێک یان تاکێک کە دەیەوێت بە سەلامەتی بەرەو ناوچەکانی خۆی لە ناوخۆی سوریا یان ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕوات، هێزەکانمان و ئیدارەی خۆسەر بەڵێنیان داوە پشتگیری خێزانەکان بکەن لە دەرچونی سەلامەتیان بەبێ ئەوەی زیانیان پێ بگات".
هه‌سه‌ده له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جه‌خت ده‌كاته‌وه كه هێزه‌كانیان ئاماده‌كاری بۆ رزگاركردنی ناوچه داگیركراوه‌كان ده‌كه‌ن و داوای له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچان ده‌كه‌ن پشتیوانیان بكه‌ن، دوایین هۆشداریش ده‌داته گروپه چه‌كداره‌كان كه 31ی 12ی 2024 ده‌رفه‌تیان پێده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه به‌جێبهێڵن.