بەفر و باران له هەرێم دەبارێت
23 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی
- کاریگەری سەرەتای شەپۆلەكە سبەی شەو زیاتر درەنگان و بەولاوە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و موسڵ و هەولێر ئەبێت.
- پێشبینی ئەکرێت ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران و بەفر.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی پێشبینیكرد شەپۆلێكی بەهێزی باران و بەفر بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و ڕەشەبایەكی بەهێزی لەگەڵ دەبێت.
شاڵاو هیدایەت، بە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی وت ، پێشبینی ئەکرێت لەئەنجامی کاریگەری سەرەکی نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و تێکەڵ بوونی بڕێک شێی دەریای سوور و مەداری به شەپۆلی دەریای ناوەڕاست، ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران و بەفر هەتا ڕۆژی شەممە 28 ی مانگ و درەنگانێک کاریگەری بمێنێتەوە و دواتر بەتەواوی کۆتایی دێت.
ڕاشیگەیاند، کاریگەری سەرەتای شەپۆلەكە سبەی شەو زیاتر درەنگان و بەولاوە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و موسڵ و هەولێر ئەبێت دواتر ئیدارەی ڕاپەرین و سلێمانی و ناوچەکانی تر دوو سبەی هەینی ڕۆژەکەی و شەوەکەی زۆرترین کاریگەری شەپۆلهکە دەبێت لەبەرزی 1500مەتر و بۆ سەرەوە ئەو ناوچانەی بەرزن لەئاست ڕووی دەریاوە ئەگەری بەفر بارین هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، خێرایی بای باشوور و باشووری خۆرهەڵات بەتایبەتی چالاک ئەبێت لەسەر زۆرینەی ناوچەکان پێش گەیشتن و سەرەتای شەپۆلەکە بەزۆری “بەخێرایی 25 تا70کم لە كاتژمێرێكدا لەهەندێ شوێن ئەگەر هەیە زیان بدات و درەخت بشکێنێ.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم شەپۆله سەبارەت به شەپۆلەکانی تری ئەم مانگە باشترە و زۆرترین بڕی باران بۆ ناوچە جیاوازەکانی سنوری دهۆک و هەولێر و ڕاپەرین دەبێت، كە دەگاتە 20 بۆ 60 ملم و کەمترین ڕێژەش ئەگەر هەیه لەناوچەکانی گەرمیان بێت و لە سلێمانی و دەوروبەری و شارەزوور و گەرمیان 8 ملم تا سەروی 40 ملم.