هەسەدە كوشتنی 17چەكداری بەكرێگیراوی توركیای ڕاگەیاند
21 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتی
- هێزەکانمان لە بەنداوی تشرین، هێرشی گەورەیان کردە سەر هێزەکانی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانیان.
- 17 بەكرێگیراوی توركیایان كوشتووە و 40ـی دیکەشیان برینداركردووه.
- تەنیا یەک شەڕڤانیان بریندار بووە و ئەویش برینەکەی سووکە.
لە رووبەڕووبووەنەوەی هێزەکانى هەسەدە لەگەڵ چەكدارە بەكرێگیراوەكانی تورکیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، 17 بەكرێگیراویان كوشتووه.
ئەمڕۆ شەممە ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا وتی: "هێزەکانمان لە چەندین بەرەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەت لە بەنداوی تشرین، هێرشی گەورەیان کردە سەر هێزەکانی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانیان".
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، دوێنێ ئێوارە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی ئەبو قەلقال و گوندی عەلوش لە نزیک بەنداوی تشرین و شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوانیان روویداوە.
بەگوێرەی هەسەدە، لە پێکدادانەکانیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، 17 بەكرێگیراوی توركیایان كوشتووە و 40ـی دیکەشیان برینداركردووه و لەنێویشیاندا چەند فەرماندەیەک هەن.
لەبارەی زیانەکانی خۆیانەوە، هەسەدە دەڵێت، تەنیا یەک شەڕڤانیان بریندار بووە و ئەویش برینەکەی سووکە.
25 رۆژە گرووپە بەكرێگیراوەكانی تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین دەدەن کە بە دووری 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەلەبەوە هەڵکەوتووە.