مەسعود بارزانی: پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ ببەستن
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم.
- جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی 10ى ڕابردوو بە سەركەوتویی ئەنجام درا.
- ناوچەكە چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زوترین كات پێكبهێندرێت بۆ ئەوەی پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات.
مسعود بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێكدا بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی ڕایگەیاند، "بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەمو لایەك دەخوازم".
ئاماژەی بەوەشكرد، جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی 10ى ڕابردو بە سەركەوتویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕونی گەیاند، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زوتری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.
دەشڵێت، "جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن".
مەسعود بارزانی باسی لەوەشكرد، "لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ڕوداو و گۆڕانكارییەكانی سوریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سوریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن".
ئەوەشی خستەڕو، ناوچەكە چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دور بكەونەوە، دەبێ هەمو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.
مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، "هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت، لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەمو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدور بێت".