سەرۆکی هەرێم: له‌م قۆناغه‌دا پێكه‌وه‌يى و کاری هاوبەش تەنها ڕێگەیە
3 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتی
- هيوادارم ساڵى نوێ، بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندن و خێر و خۆشى بێت.
- ئەم پێشهاتانە پێویستيی بيركردنه‌وه‌يه‌كى باڵا و پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كده‌نگيى ناوخۆیيمان لێ ده‌خوازن.
- داوا لە هەموو لايه‌نه سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم هه‌مووان پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييه‌كان.
نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌بۆنه‌ى هاتنى ساڵی نوێ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ى ته‌واوى هاوڵاتيانى ئازيزى کوردستان دەکات.
به‌بۆنه‌ى هاتنى ساڵی نوێی 2025ی زایینیەوە، نێچیرڤانی بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند: گەرمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ى ته‌واوى هاوڵاتيانى ئازيزى کوردستان دەکەم، بەتایبەتی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ناوخۆ و هەموو پێکهاتەکانی كوردستان، هه‌روه‌ها پيرۆزبايى له ته‌واوى گه‌لانى عێراق و جيهان ده‌كه‌م. هيوادارم ساڵى نوێ، بۆ هه‌مووان ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، سەقامگیری، گەشەسەندن و خێر و خۆشى بێت.
ساڵی 2024 گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە لە ناوچەکه‌دا هاتنه ئاراوه كه ئاڵنگاریی ئەمنی و سیاسیيان، کاریگەری لەسەر دۆخى هه‌موو ناوچەکە دروست كردووه. ئەم پێشهاتانە پێویستيی بيركردنه‌وه‌يه‌كى باڵا و پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كده‌نگيى ناوخۆیيمان لێ ده‌خوازن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ده‌کەن، هه‌روه‌ها بۆ سوودوه‌ر‌گرتن له ده‌رفه‌ته‌كان.
لەم ڕوانگه‌يه‌وه، داوا لە هەموو لايه‌نه سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەم هه‌مووان پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنى ناكۆكييه‌كان و بە گیانی بەرپرسیاريه‌تيی نیشتمانيی هاوبه‌شەوە، به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن. له‌م دۆخ و قۆناغه‌دا، پێكه‌وه‌يى و کاری هاوبەش تەنها ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان، بۆيه جه‌خت له گرنگيى په‌له‌كردن له دامه‌زراندنى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌مه‌وه.
هەر به‌م بۆنه‌يه‌وه پابەنديى هه‌رێمى كوردستان بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوبەشە هه‌رێمی و نێودەوڵەتییەکانمان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ كێشه‌كان دووپات ده‌كه‌مه‌وه. هاوكاريى نێوانمان ده‌بێته هۆكارێكى سه‌قامگيرى و ئاشتی و گەشەسەندن لە عێراق و ناوچەکەدا و يارمه‌تيى پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه‌ى گه‌لان و پێكهاته‌كانى ناوچه‌كه ده‌دات.
هه‌رێمى کوردستان به ویست و ئیرادەی دڵسۆزانه‌ى گەلەکەی له هه‌موو پێكهاته‌كان و هێزه نيشتمانييه‌كانى، توانای تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و بەردەوامبوونی لە بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە. با به هیوا و ئومێده‌وه ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کاری جددی و بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلەکەمان.
ساڵی نوێ له هه‌مووان پیرۆز بێت.