مامۆستایان: ته‌وتین تاكه‌ چاره‌سه‌رى موچه‌كانمانه‌

2 ڕۆژ لەمەوپێش



ــ داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بكات

ــ داوا له‌په‌رله‌مانتارانى كوتله‌ عه‌ره‌بیه‌كان ده‌كه‌ن، پشتیوانیان بن

ـ بڕوایان به‌هیچ په‌رله‌مانتارێكی كورد نه‌ماوه‌و ناتوانن، بوێرانه‌ به‌رگری له‌ موچه‌ی دزراویان بكه‌ن

 

ده‌سته‌ی داكۆكی له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی ڕایگه‌ده‌یه‌نن، داوا له‌په‌رله‌مانتارانى كوتله‌ عه‌ره‌بیه‌كان ده‌كه‌ن، پشتیوانیان بن و فشار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌كانیان ته‌وتین بكرێت و نه‌درێته‌ ده‌ست حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ ده‌سته‌ی داكۆكی له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی نارازیی به‌یاننامه‌یه‌كیان بۆ رایگشتى خوێنده‌وه‌و تیایدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، بڕوایان به‌هیچ په‌رله‌مانتارێكی كورد نه‌ماوه‌و ناتوانن، بوێرانه‌ به‌رگری له‌ موچه‌ی دزراویان بكه‌ن.

ده‌سته‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران داوا له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی حقوق، سادقون، بابلیۆن، ده‌وڵه‌تی یاسا، ڕه‌وتی حیكمه‌ و سه‌ربه‌خۆكان د. یوسف كیلابی و مسته‌فا سه‌نه‌د ده‌كه‌ن فشار بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌وتینی موچه‌ پاڵپشت به‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى به‌یاننامه‌كه‌ى ده‌سته‌ی داكۆكی له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازیی، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌كراوه‌، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی ڕون و چه‌واشه‌كاری ڕای گشتی، خۆیان ده‌ڵێن شایسته‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه‌ له‌ 11 ترلیۆن و 576 ملیار دینار، هه‌ر خۆیان ده‌ڵێن، حكومه‌تی عێراق 10 ترلیۆن و 752 ملیار دیناری بۆ تێكڕای ساڵه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و 442 ملیار دیناره‌ی كه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌ژمار بكرێت، كه‌واتا به‌غدا زیاتر له‌ 11 ترلیۆن و 200 ملیار دیناری ناردوه‌ له‌  2024دا.

ده‌سته‌ی داكۆكی له‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتداران و بانكه‌كانی هه‌رێم جیگه‌ی متمانه‌ى ئه‌وان نین و نابن، ده‌ڵێن "له‌ئێستادا تاكه‌ چاره‌سه‌ر ده‌رهێنانی ده‌ستی به‌رپرسانی هه‌رێمه‌ له‌ موچه‌ی خه‌ڵك و ته‌وتینكردنی موچه‌ له‌سه‌ر هه‌ردو بانكی ڕه‌شید و ڕافیده‌ین.

هاوكات داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بكات، ده‌ڵێن :هه‌ڵه‌كانی ساڵی ڕابردو دوباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت ده‌رباره‌ی موچه‌ی مانگی 12ی ساڵی ڕابردو".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار