کێشە خێزانیه‌كان زیادیکردووەو جیابوونەوە کەم بووەتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ــ 1340 حاڵه‌ت نەگەیشتوونەتە چارەسەرو بە تەڵاق و جیابوونەوە کۆتایی هاتووە

ــ توانراوە لە کوردستان 522 پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت

ــ 922 سیمینارو خول و وانەی زانستی و شەرعی سازكراوه‌

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئاماری گرنگترین كارو چالاکیەکانی له‌ساڵی 2024 بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێى ئاماره‌كان، بەراورد بە ساڵی 2023، کێشەی خێزانی لە ساڵی 2024 زیادیان کردووە، بەڵام جیابوونەوە کەم بووەتەوە.

بە پێی زانیاری و ئاماری لێژنەکانی فەتوا لە هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو کێشانەی روویان کردۆتە لقەکانی یەکێتی زانایان لە ساڵی 2024 بەتایبەت بە بواری کێشەی خێزانی بریتی بووە لە (3461) حاڵەت و لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەرو بە تەڵاق و جیابوونەوە کۆتایی هاتووە بریتی بوونە لە (1340) حاڵەت.

هەر بەپێی ئامارەکە سەرەڕای دەرکردنی (14) فەتوای فەرمی؛ ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان و لێژنەکانی فەتوای سەر بە لقەکان (5921) پرسیاری شەرعی هاوڵاتیانی وڵام داوەتەوەو (1078) کێشەی میرات و زەوی و زارو (1168) کێشەی مامەڵەو بازرگانی و کرین و فرۆشتنی چارەسەر کردووە.

هەروەها توانراوە لە کوردستان (522) پرۆسەی سوڵح و ئاشتەوایی ئەنجام بدرێت، کە بەشێکیان کۆمەڵایەتی و خێزانی و بەشێکیان پەیوەست بوون بە کێشەی مامەڵەو میرات و زەوی و زارو تەنانەت کێشەی خوێنداریش بووە.

لە لایەکی تریشەوە یەکێتی زانایان لەماوەی یەک ساڵ توانیویەتی (922) سیمینارو خول و وانەی زانستی و شەرعی ساز بکات و، بەشداری (37) کۆنفرانسی زانستی و پیشەیی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بێت، لەگەڵ ئەوەش (98) توێژینەوەو بابەتی زانستی و رۆشنبیری بڵاوکردۆتەوەو، (81) پەیام و پۆستەری سۆشیال میدیایی وەک دەربڕینی هەڵوێست و دیدگای یەکێتی زانایان هەبووە، سێ بەرهەمی چاپکراویشی کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران.

هەر بە پێی ئاماری سألی رابردوو، توانراوە (754) پرۆسەی کۆمەکی و هاوکاریکردن ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەش توانراوە گرفت و کێشەو خواستی (741) مامۆستای ئایینی چارەسەر بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار