بۆچی دوای پێنج ساڵ، جارێکی تر هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە بۆ کۆبانی؟

تورکیا مەبەستی لە داگیرکردنی کۆبانی چییە؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

کۆبانی کە سومبلی تێکشکانی تیرۆریستانە، ئایا رێگە دەدرێت جارێکی تر ببێتەوە مەیدانی شەڕ و پێکدادانەکان؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

کۆبانی ئەو شارەی بووە سومبلی گیانفیدایی شەرڤانان، لە مێژووی کوردیشدا بۆ یەکەمجار خوێنی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان لەو شارەدا تێکەڵ بەیەکتربوون بۆ بەرگری لێی و رێگەیان نەدا بکەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و نموونەیەکی باڵای ئازایەتی و گیانفیدایی لەم شارەدا تۆمارکرا و نیشانی سەرتاسەری جیهاندرا.

لەگەڵ ئەو ناوبانگە زۆرەی ئەم شارە پەیدایکرد و ناوی بەتەواوی جیهاندا بڵاوبویەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و هەڵهاتنی بەشار بۆ مۆسکۆ، تورکیا لە رێی هێزە تایبەتەکانی خۆی و بەکرێگیراوانی، دوای کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر بە نیازە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەو شارە داگیربکات.

بۆ بەرگرتن لەو خەونەی تورکیاش هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکە تایبەتەکانی رەوانەی شارەکە کرد و داواشی لە دانیشتوانەکەی کردووە بۆ بەرگری لە کۆبانی چەکهەڵگرن و ئامادەکاری بۆ بەرگری بکەن.

دوای فراوانبوونی مەترسییەکانیش، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوای پێنج ساڵ لە جێهێشتنی، جارێکی تر گەڕانەوە شاری کۆبانی ئەمریکا کە هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە شەڕی دژ بە داعش،  جارێکی تر بنکەی سەربازی لەناو شاری کۆبانی دامەزراندەوە بەڵام ئەم جارەیان بۆ بەرگرتن لە هەڕەشەکانی داعشی راستەقینە کە بریتییە لە تورکیا و بەکرێگیراوانی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریکا یەکەیەکی تایبەتی رەوانەی شارەکە کردووە کە تایبەتن بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی.

هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هۆتێلێکی ناوەراستی شاری کۆبانییان کردووە بە بنکەی سەرەکی سەربازی خۆیان و لە چواردەوری شارەکەش چەندین کامێرای چاودێرییان داناوە تا بە وردی ئاگاداری جموجۆڵەکانی هێزەکانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بکەن. تا ئێستاش لەدەروازی وەلید لە سنوری عێراقەوە زیاتر لە ٤٠٠ ئۆتۆمبێلی  بارهەگر چەک و تەقەمەنی رەوانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و رۆژی پێنجشەممەش لە ڕێگەی نوێترین کاروانی سەربازییەوە کە لە ٥٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پێکهاتبوون، چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە، لە رێی ئاسمانییشەوە بە ١٨ فرۆکەی بارهەڵگری سەربازی، هێز و کەرەستەی سەربازی زیاتری رەوانەی بنکەی (خەراب جیر) لە نزیک شارۆچکەی رمێلان کردووە، کۆکردنەوەی ئەو هێزە زۆرەش لەلایەن ئەمریکاوە ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەمجارەیان نەک هەر جێیناهڵن بەڵکوو هێز و چەک و تەقەمەنی زیاتریشی بۆ ڕەوانەدەکەن.

 تورکیاش کە بەردەوام هەوڵی داگیرکردنی شاری کۆبانیی داوە، پێشتر لە رێی تیرۆریستانی داعش و ئێستاش لە رێی بەکرێگیراوەکانییەوە، مەبەستییەتی ئەو ناوچە سنوریانە بە شاری عەفرینەوە ببەستێتەوە و لە رێی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکەوە لەژێر چنگی کورد دەریانبهێنی و بیانکات بە بەشێک لە خۆی.

دامەزراندنی بنکەی سەربازی ئەمریکاش لە ناوەراستی شاری کۆبانی وەڵامێکی توند و هەڕەشە ئامێزە بۆ تورکیا تا لەو شارە نزیک نەبێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار