عێراق مووچەی مانگی یەک دابەشدەکات هەرێم موچەی مانگی ١١
2 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ــ موچەی مانگی یەک خراوەتەسەر هەژماری خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی
ــ هێشتا هیچ رون نییە هەرێم موچەى مانگى ١٢ کەى دابەشدەکات
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١ی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی کردووە.
دەشڵێت لەلایەن فەرمانگەی ژمێریارییەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی خراوەتەسەر هەژماری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی.
هەموو مانگێک خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە و دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.
بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خانەنشینی حکومەتی عێراقن و بەشێکیان زیندانی سیاسی ڕژێمی پێشوون و مانگانە مووچەکانیان لە ڕێگەى حکومەتى بەغداوە وەردەگرن.
ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ئەمرۆ یەکشەمە دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو کردوەو هێشتا هیچ رونکردنەوەیەکیش نەدراوە سەبارەت بە دابەشکردنى موچەى مانگى ١٢.
هاوکات هەر ئەمرۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق لە 31-12-2024، بڕی 441 ملیار 493 ملیۆن و 599 و 611 دیناری خستوەتە سەر هەژمارەکەیان.