دادگا تۆمەتەکانی سەر رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەدى هەڵگرت
2 ڕۆژ لەمەوپێش
ــ دادگاى پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاری ئازادکردنی داوە
ــ لە ساڵی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکرا
ــ ساڵى رابردوو لەدادگای دهۆك سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا
پارێزەری رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بڵاویکردەوە، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، تۆمەتەکانی سەر ئەو ڕۆژنامەنوسەیان هەڵگرتوەو و بڕیاری ئیفراجکردنی (ئازادکردنی) دراوە.
نەریمان ئەحمەد، پارێزەری ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەبارەی هەڵگرتنی تۆمەتەکانی سەر سلێمان ئەحمەد زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پارێزەرە، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، تۆمەتەکانی سەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی هەڵگرتووە.
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی (ڕۆژنیوز)، دوای ئەوەی بۆ بەشداریی كردن لە پرسەی باوكی سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردبوو، لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ سەر كارەكەی لە ٢٥ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە دەروازەی فیشخابوور لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێت.
ئەو رۆژنامەنوسە لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون.
لە 29 ی تەموزی ساڵى رابردوو 2024، لەهۆڵی دادگای دهۆك دانیشتنی دادگایی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد كۆتایی هات و تێیدا بڕیاری سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا..