وەزارەتی دارایی بەنیازە موچەی مانگی ١٢ پاشەکەوت بکات
دوێنێ
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی رایەگەیاند: گەنجینەکان ئاگادارکراونەتەوە لیستی مووچەی مانگی ١ ی ٢٠٢٥ ئامادەبکەن.
ئەو فەرمانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانیش بەوە لێکدەدرێتەوە کە ئەو وەزارەتە بە نیازە مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو پاشەکەوت بکات.
وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی یەکیان بە ئامادەکراوی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە، لە ئامادەکردنی لیستەکەش لەسەر بنەمای داواکارییەکانی بەغدا بووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆران دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی پێش 15ـی مانگ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم دوێنێ یەکشەمە دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو کردوەو هێشتا هیچ رونکردنەوەیەکیش نەدراوە سەبارەت بە دابەشکردنى موچەى مانگى ١٢.
هاوکات هەر دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق لە 31-12-2024، بڕی 441 ملیار 493 ملیۆن و 599 و 611 دیناری خستوەتە سەر هەژمارەکەیان.
دابەشنەکردنى موچەى مانگى ١٢ لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١ی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی کردووە.
دەشڵێت لەلایەن فەرمانگەی ژمێریارییەوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و چاودێری کۆمەڵایەتی خراوەتەسەر هەژماری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی.
هەموو مانگێک خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە و دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.
بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان خانەنشینی حکومەتی عێراقن و بەشێکیان زیندانی سیاسی ڕژێمی پێشوون و مانگانە مووچەکانیان لە ڕێگەى حکومەتى بەغداوە وەردەگرن.