ئاسایشى چەند کەسێکى لە خۆپیشاندەرانی خاوه‌نى ئۆتۆمبێله بێ سه‌ره‌تاكان دەستگیرکرد
19 كاتژمێر لەمەوپێش
شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، بەتۆمەتى نانەوەى پشێوى و دروستکردنى ئاژاوە، چەند کەسێکیان لە خۆپیشاندەرانی خاوه‌نى ئۆتۆمبێله بێ سه‌ره‌تاكان دەستگیرکردوە.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش پشتراستى ئەوەى کردەوە ژماره‌یه‌ک له به‌شداربوانى خۆپیشاندانه‌كه ده‌ستگیركراون، راشیگەیاند: ئەوکەسانە ههوڵیانداوە پشێویى بنێنه‌وه.
نیوەرۆى دوێنێ سێ شەممە ژمارەیەک لە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، دژی بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست.
دواى نزیکەى کاتژمێرێک لە خۆپیشاندانەکە، بەشێک لە خۆپیشاندەران، چوونە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، دواتر رێگەی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگایان بەڕووى ئۆتۆمبێلەکاندا داخست.
دوای چوار کاتژێر لە خۆپیشاندان و رێگەگرتن و دروستبوونی قەرەباڵخی، هێزە ئەمنیەکان بە زەبرى هێزو گازى فرمێسک ڕێژ کۆتای‌یان بەخۆپیشاندانەکە هێنا.
پەیامنێرى هاوڵاتى رایگەیاند، شەوى رابردوو ئاسایشى سلێمانى و هێزە ئەمنیەکان، هەڵمەتێکیان ئەنجامداوەو چوونە سەر ماڵى بەشێک لە بەشداربووانى خۆپیشاندەرانەکەى دوێنێى خاوه‌نى ئۆتۆمبێله بێ سه‌ره‌تاكان، ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکراوەو تا ئێستاش ئازاد نەکراون.
رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، لهگردبونهوهكهدا گرژیى ڕویدا‌و هێزه ئه‌منیه‌كان بهگازى فرمێسک ڕێژ هه‌وڵیاندا بڵاوه بهخۆپیشاندهران بكه‌ن، دواى بڵاوهپێكردنیشیان، ژماره‌یه‌ک لهبهشداربوانى خۆپیشاندانه‌كه ده‌ستگیركران، چونکە ئه‌وكه‌سانه هه‌وڵیاندا پشێویى بنێنه‌وه.
ئەو بەرپرسەى ئاسایش وتیشى: پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر فه‌رمانى دادوه‌رو به‌گوێره‌ى یاسای خۆپیشاندان مادەی 10 ئه‌نجامدراوه‌و ئێستاش لێکۆڵینەوەیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت