ترەمپ چۆن بەربەست بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دادەنەێت؟
لاوازبوونی حزبوڵڵا و روخانی ئەسەد تا چ ئاستێک ئێرانی لە ناوچەکەدا لاواز کردووە؟
18 كاتژمێر لەمەوپێش
تا ئێستا سزا ئابووریەکان کاریگەری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەبووە، کەواتە ئەمریکا بە نیازی چییە؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جارێکی تر جڵەوی دەسەڵات لە واشنتۆن بگرێتەوە دەست، یەکێک لە دۆسیە ئاڵۆزەکانیش کە رووبەرووی ئیدارەکەی تڕەمب دەبێتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، کە لە ئێستادا وەک ڕاپۆتە نهێنییە دزەپێکراوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاماژەی پێدەدەن؛ تاران لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمیەکانیدا بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، پرسیارە جدییەکەش ئەوەیە ئایا وەڵام و بەرەنگاربوونەوەی تڕەمپ و ئیدارەکەی چی دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە؟.
لەوبارەیەوە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: تڕەمب لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ئەمریکادا قورسترین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند ئەوەش بە مەبەستی خنکاندنی تاران بوو لە ڕووی ئابوورییەوە، ئامانجی سەرەکی ئەمریکاش لەو سزایانە گۆڕینی ڕژێمی ئێران نەبوو بەڵکو ناچارکردنی بوو تا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت.
هەرچەندە سزا ئابوورییەکان ئێرانیان داتەپاند و لە ئێستادا ئاستی بژێوی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە زۆر خراپە و دراوەکەیان بە تەواوی بەهای لەدەستداوە، بەڵام ئەم سزایانە نەبوونە هۆی ناچارکردنی تاران تا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت و تا ئێستاش ئێران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوامە و سزا ئابوورییەکان تەنها زیانیان بە گەلانی ئێران گەیاندووە نەک بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.
لە رووی سەربازیشەوە ئێران توانیویەتی چەکی پێشکەوتوو دروستبکات و وەک لە ساڵی ٢٠٢٠دا بینیمان، موشەکەکانی ئەو وڵاتە لە توانایاندا بوو هێرشیان پێبکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
بەڵام ئێستا کە رژێمی ئەسەد لە سووریا ڕووخاوە و بزوتنەوەی حەماس لە فەلەستین و حزبوڵڵاش لە لوبنان تەواو لاواز کراون، وایکردووە هەڵوێستی ئێران لە ناوچەکەدا زۆر لاواز ببێت، جگە لەوەش بۆردومانەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە زیانێکی زۆری پێگەیاندووە و بە گوتەی فەرماندە سەربازییەکانی تەلئەبیب لەو بۆردوومانەدا توانیویانە بەشێک لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لەناوبەرن.
ئەم لاوازییە لەسەر ئاستی سەربازی و قەیرانی ئابووری و نارەزایی ناوخۆیی وایکردووە وەزیری دەرەوەی ئێران بڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
لە نوێترین لێدوانیشیدا عەباس عێراقچی دەڵێت: دۆڕانی سوپای سووریا و روخانی رژێمی ئەسەد زەنگی ئاگادار کردنەوەیە بۆ ئێران و هێزە چەکدارەنی.
پێشبینیش دەکرێت ئەگەر وتوێژەکانی داهاتوو دەرحەق بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بهێنێت، ئەوا وەشاندنی گورزی سەربازی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاکە رێگەی بەردەمی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەبێت.