دەستبەراگرتنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان راگیرا
14 كاتژمێر لەمەوپێش
سوارە محەمەد سەرۆکى نجوومەنی خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئەمرۆ وەک خاوەنى ئوتۆمبێلە بێسەرەتاکان، لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەتەوەو چەند بڕیارێک سەبارەن بەو ئۆتۆمبێلانە دراوە.
ئەو نوێنەرە، ئەوەى خستەروو لەکۆبونەوەکە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەبوو، بڕیاردراوە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بەشێوەیەکى کاتی رابگیرێن و دەتوانن لەئەمرۆوە بێنە سەرشەقام.
سەرۆکى ئەنجومەنەکە، هەر لەو کۆنگرەیەدا، چەند خاڵێکى خوێندەوە کە لەکۆبونەوەکە لەسەرى رێککەوتون.
1. بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان بەشێوەیەکە کاتی راگیراوە.
2. ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە لەلایەن هێزەئەمنیەکانەوە، ئەگەر تاوانی پێ نەکرابێت رادەستى خاوەنەکانیان دەکرێتەوە.
3. رێگری بکرێت لە داخڵکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا
4. یاسا بەرکارەکان بەسەر هەموو کەس و ئۆتۆمبێلێک وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت و نابێت کەس یاساشکێنی بکات
5. رێگە نادرێت کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاوە بکرێت تاوەکو بڕیار دەدەچێت
6. داوا دەکەین کێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی هەولێر، دهۆک و سۆرانیش چارەسەر بکرێت.
رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەو ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوەو چەند جارێک گردبونەوە.