خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجەى عێراق دەکرێت

9 كاتژمێر لەمەوپێش



ــ دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى عێراق  لەرۆژى یەکشەممەوە دەستپێدەکاتەوە
ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکرێت 
ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان.

کارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەمەى پەرلەمانى عێراق بڵاوکرایەوە، ١٠ خاڵ لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان خوێندنەوەى دووەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی گشتی وڵاتە بۆ ساڵانی (2023-2025)، دەکرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی 2025 لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەدا نییە.
ماڵپەرى پەرلەمانى عێراق، دەستپێکردنەوەى دانیشتنە ئاساییەکانى پەرلەمانى راگەیاند لەرۆژى یەکشەممەى داهاتووەوە ١٢ - ١ - ٢٠٢٥، هاوکات کارنامەى رۆژى دووشەمەشى بڵاوکردوەتەوە کە ١٠ برگە لەخۆدەگرێت.
گرنگترینیان خاڵى نۆیەمە، کە تیایدا هاتووە ڕاپۆرت و تاوتوێکردنی خوێندنەوەی دووەمی ڕەشنووسی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025) ژمارە (13)ی ساڵی 2023. لیژنەی دارایی). 
رۆژی 12ی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی ساڵانی (2023-2024-2025)ی پەسەندکرد، ئەوەش بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی عێراقدا بودجەی سێ ساڵ پێکەوە پەسەندبکرێت بەو قەبارە گەورەیەو بە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقی، رێژەی کورتهێنانی بودجەش بە 63 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی بودجەی گشتی.

زۆرینەی هەموارەکەش تایبەتە بە هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی پەیوەستە بە نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی رابردوودا هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری رێککەوتون.
لەبرگەکەکانى دیکەى دانیشتنەکەدا، بڕیارە دەنگدان بکرێت لەسەر ڕەشنووسی یاسای تەندروستی دەروونی، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی هەموارکردنی دووەم، مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژمارە (٣٨)ی ساڵی ٢٠١٣. بکرێت کە لەلایەن لیژنەی کار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە پێشکەشکراوە.
لە خاڵێکەى دیکەى کۆبونەوەى رۆژى دووشەمەى پەرلەمانى عێراق، بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بکرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پێشنیارکراوی پاراستنی مافی کەمینەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار