ڕێگەی زینی وەرتێ داخراوەو هاتووچۆش لە مەرزى کێلێ وەستاوە
22 كاتژمێر لەمەوپێش
بەفربارین ڕێگەی زینی وەرتێی داخستوەو داوا لە شۆفێران دەکرێت تاوەکوو ڕامالینی بەفرەکە، ئەو ڕێگە بەکار نەهێنن، هاوکات زیاتر لە 20 سانتیمەتر بەفر لە سنوورى مەرزى کێلێ باریوە، بەهۆیەوە رێگاى گەیشتن بە مەرزەکە پەکى کەوتووەو هاتووچۆ وەستاوە.
سەرلەبەیانى ئەمرۆ یەکشەممە، 12-01-2025، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی وەرتێ لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە، بەهۆی شەپۆلی بەفرو گۆڕانی کەشوهەوای ناوچەکە، ڕێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی گیراوەو هاتووچۆى تێدا ناکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەکە لەراگەیەندراوێکیاندا داوا لە شۆفێران دەکەن، تاوەکوو تیمەکانی پاککردنەوە و ڕاماڵینی بەفر دەگەنە شوێنەکە، بۆ سەلامەتی خۆیان وسەرنشینان، ڕێگەکە بەکار نەهێنن.
ڕێگەی زینی وەرتێ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەرین بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ناحیەی وەرتێ لە ڕووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای ڕواندزە، بێجگە لە ناوەندی ناحییەکە، 17 گوند دەکەونە سنوورییەوە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 10 هەزار کەسە.
هاوکات لە شەوى رابردووەوە زیاتر لە 20 سانتیمەتر بەفر لە سنوورى مەرزى کێلێ باریوە، بەهۆیەوە هاتوچۆکردن پەکى کەوتووە ئێستا کارى بازرگانى و هاتوچۆى هاوڵاتیانیش تا کاتێکى نادیار راگیراوە.