نابێت ئاوی پیس بۆ ئاودانی سەوزە بەکاربهێنرێت
18 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواى کۆبونەوەیەکى لەسەر کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێرو دهۆک، بڕیاریدا ڕێگریی بکرێت لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت بۆ ئاودانی سەوزە، هەروەها ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەیدا بەوەداوە، پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمە، پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین.
هاوکات لەو کۆبونەوەیەدا سەرۆکی حکوومەت لەبارەى چارەکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەواوە دەڵێت ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتەو لەم بارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریی لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر.
لەکۆبونەوەکەشدا ئەم بڕیارانە دراوە:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی مووەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.