وەزارەتى دارایی: عێراق مووچەى مانگەکانى بەتەواوى نەناردووە
12 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێکیدا، وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە دەڵێت: بەغدا مووچەی تەواوی فەرمانبەرانى هەرێمى لە ساڵی رابردوو نەناردووە، هەروەها پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵەوە.
لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک لە راگەیەندراوێکدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بەناونیشانی (ئایا ئێمە هاوڵاتیی عێراقیین) وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەبەشێکى ئەو راگەیەندراوەدا هاتووە وەزارەتى دارایی فیدراڵ 10 تریلیۆن و 26 ملیار و 883 ملیۆن و 844 هەزار دینارى خستووەتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایی و ئابوورى. 726 ملیار و 995 ملیۆن و 775 هەزار 414 دینار بڕدراوە وەک لێبڕینى خانەنشینی و باجى دەرامەت.
وەزارەتى دارایی دەڵێت وەزارەتى درایی فیدراڵ، هیچ کاتێک مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بە یەکەوە و لەکاتی خۆی نەناردووە، مانگ هەبووە بە هەشت جار مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم نێردراوە.
لەبەشێکى دیکەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى داراییدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو زانیاریانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لەسەر داهاتی ناوخۆ و نانەوتی خستویانەتە ڕوو هەمووى رەتدەکەنەوە، دەڵێن: بەپێی رێککەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق 50%ی داهاتی ناوخۆ رەوانەی بەغداد کراوە بە چەند گوژمەیەک کە بڕەکەی زیاتر لە 399 ملیار دینارە.
هەروەها لەرونکردنەوەکەدا هاتووە: بەشەکەی دیکەی داهاتى ناوخۆ بۆ خەرجی بەکاربردنی دامەزراوەکانی حکومەت و خەرجی وەبەرهێنان و پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە خەرجکراوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە رونکردنەوەکەیدا نوسیویەتی: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دادپەروەر نەبووە و پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەبووە، تایبەت بە مووچەی فەرمانى هەرێمى کوردستان.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی رونکردنەوەکەیدا نوسیویەتی، هیچ کاتێک مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی مانگانە و لەکاتی خۆیدا نەنێردراوە، مانگ هەبووە بە هەشت جار مووچە نێردراوە، لەگەڵئەوەی مووچەی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانگە بۆ ماوەی پێنج مانگ راگیراوە، ئەوەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان و مافە دەستورییەکانە.