بۆمبێکى توركیا لە قەزاى سۆران دۆزرایەوە
13 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆمبێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بۆ بە ئامانجگرتنی کوردان بەکارهێندراوە بە نەتەقەیوی لە سنووری باڵەکایەتی دۆزرایەوە و لە ئێستاشدا ئاسایش دەوروبەری بۆمبەکەی گرتووە و نازاندرێت چی لە بۆمبەکە دەکەن.
بە دیارییکراوی لە ٦ـی ئەم مانگە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فرۆکەی جەنگیی بۆردوومانی سنووری باڵەکایەتی کرد، یەکێک لەو بۆمبانەی کە بۆردوومانی هاوڵاتییانی مەدەنی پێدەکات بە نەتەقیوی دۆزرایەوە.
بۆمبەکە لە نزیک گوندی گەزنە لە سنووری باڵەکایەتی کەتووتەخوارەوە و هاوڵاتییانی سنوورەکە هەستیان بە بۆردوومانەکە کردووە و دوێنێش جوتیارێکی گوندەکە بۆمبەکەی دۆزیوەتەوە.
هەروەها بۆمبەكە لە جۆری JDAMـی تورکییە و ڕێنماییکراوی مانگی دەستکردە و بە زمانی تورکی لەسەری نووسراوە.
بۆمبەکە کێشەکەی نزیکی ٢٥٠ کیلۆگرامە و ئاستی تەقەمەنییەکەی بەرزە و وێرانەکەرە و بەسە بۆ ئەوەی خانوویەک بە تەواوی ئەندامەکانی ناوییەوە لەناوببات.
لە ئێستاشدا ئاسایش گەمارۆی شوێنی کەوتنی بۆمبەکەی داوە و دیار نییە چی لە بۆمبەکە دەکەن.
ئەم بۆمبە و دەیان پارچەی دۆزراوی دیکەی بۆمبەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نیشانی دەدەن کە دەوڵەتی تورک دەست ناپارێزێت لە لەناوبردنی کوردان و ئامادەیە خێزانێک بە تەواوی لەناوببات لە هەر شوێنێکی باشووری کوردستان بێت.
وێرای هەزاران بەڵگە لەسەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و لەشکرکێشییە ئاشکراکانی بەڵام حکومەتەکانی عێڕاق و کاربەڕێکەری هەرێم هیچ جۆرە هەڵوێستێکیان نییە و لە دژی پێشێلکردنی سەروەریی خاک و بە ئامانج گرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی ناوەستنەوە.