ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسان: میدیاکان زۆر وریابن بە ڕووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ژمارەیەک لە رۆژنامەنوسان و سەرنوسەرو خاوەنى ئیمتیازى دەزگا میدیاییەکان، لەبانگەوازێکدا داواکارن رۆژنامەنوسان و میدیاکان زۆر وریای ئەوەبن کە بە رووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان.
هاوکات لەبەشێکى دیکەى بانگەوازەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە بڵاویانکردوەتەوە، دەڵێن: ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە.
ئەو ڕۆژنامەنوس و میدیاکارانە، پێیان وایە لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەدا میدیا پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە.
لەکۆتایی بانگەوازەکەشدا هاتووە: بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت.
دەقى بانگەوازەکە.
بانگەوازێک بۆ هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان
وەک هەموان ئاگادارن لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە، دۆخێکی هەستیارو ئاڵۆز لە ناوچەکەماندا هاتۆتە پێشەوە. ئەم دۆخە سیاسییە نوێیە و هەموو ئەو پێشهاتانەی دیکە کە دەشێت لە ئایندەدا رووبدەن، بۆ کورد بەگشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بەروویەکدا مەترسین و، بە رووەکەی دیشدا دەرفەت، تاکە رێگەیش بۆ مسۆگەرکردنی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و پووچەڵکردنەوەی مەترسییەکان ئەوەیە بەرەی ناوخۆی کوردستان تەبا و سازو ئامادەبن بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەدا.
گومانی تێدا نییە لەم هەلومەرجەدا ئەرکی سەرشانی دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە گەر بەم ئاراستەیە کارنەکەن لەبری ئەوەی ببنە هۆکاری بەرەوپێشبردنی دۆزی نەتەوەکەمان، دەبنە هۆکاری دابەشبوون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردیش.
دیارە نکۆڵی ناکرێت لەوەی کۆمەڵگەی کوردستانیش وەک هەموو کۆمەڵگەیەکی دیکەی مرۆڤایەتی، پڕە لە بەرژەوەندی و سیاسەتی جیاواز و ململانێی ناوخۆیی. لەگەڵ ئەوەیشدا، هیچ گومانێکمان نییە لەوەی چوارچێوەی فراوانی کوردبوون و کوردستانی بوون، دەشێت و دەبێت سەرباری جیاوازییەکانمان لە ژێر چەتری نیشتماندا کۆمان بکاتەوە. لەمەیشدا میدیاو میدیاکارن دەتوانن رۆڵی سەرەکی ببینن.
ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێز دەکات.
حزبەکان و کۆمەڵگا و میدیای کوردی لەهەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت ئەزموونی شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا لەبەرچاو بگرن کە میدیا پاڵپشتی پێشمەرگەی باشور و رۆژهەڵات و گەریلای لە بەرەکانی شەڕی دژی داعش دەکرد و بەرپرسانە لەگەڵ ئەو رووداوانەدا رووماڵی دەکرد. هاوکاتیش پشتگیریی شەڕی شەرڤانانی دەکرد لە کۆبانێ و ناوچەکانی تری رۆژئاوای کوردستان. هەر لەم بوارەیشدا دەبێ زۆر وریای ئەوەبن کە بە رووماڵەکانیان نەبنە ئامێری پروپاگەندەی دوژمنان و سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری سیاسیی بەرەی دژ بە خەڵکی کوردستان و هێزە تاریکپەرستەکان.
لەم دۆخە هەستیارە نوێیەدا نابێت میدیا و میدیاکاران جەخت لەسەر فراوانکردنی کەلێن و بۆشاییەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بکەنەوە، بەڵکو کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بکەن، تا ئەم قۆناغە هەستیارەی دۆزی نەتەوەکەمان بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی ئارام و سەقامگیرتر.
پێمان وایە ئەرکی سەرجەم میدیاکانی باشوورە بە حزبی و نیمچە حزبی وسەربەخۆوە، بابەتیانە کاربکەن و پابەندبن بە ئێتێکی رۆژنامەوانییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆزی گەلەکەیان و پاراستنی دەستکەوتەکانی لە رۆژئاواو ئەو مەترسییە نوێیانەی رووبەرووی دەبێتەوە. لێرەوە بانگهێشتی هاوڕێ و هاوپیشەکانمان لە باشووری کوردستان دەکەین، چ وەک تاکەکەس و چ وەک دەزگای میدیایی و هەر هاوڵاتییەکیش کە لە سۆسیال میدیا ئاکتیڤە، لەگەڵمان بن و پابەندی ناوەرۆکی ئەم نامەیە بن کە ئاراستەی ئەوان و رای گشتی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی دەکرێت.
ناوی دەزگا و ناوی رۆژنامەنووس:
١- شوان محمەد . سەرنوسەری ماڵپەڕی سپی میدیا.
٢- د. کامل عمر بەرپرسی پەیوەندیەکان و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا.
٣- کەمال ڕەئوف ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی شارپرێس.
٤- هاوکار عزەت ـ سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕۆۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ.
٥- د. جەعفەر عەلی ـ بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شار.
٦- سلێمان عەبدوڵا یونس ـ سەرۆکی دەزگای میدیایی خەندان
٧- هەڤاڵ محەمەد ـ بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی خەندان.
٨- تارق فاتیح ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی هاوڵاتی.
٩ـ محەمەد مەحمود حمەسالح ـ بەرپرسی دەزگای میدیایی ئیرادە.
١٠ـ هەردی عبدالله نجم ـ سەرنووسەری دەزگای میدیایی ئیرادە.
١١ - رەحمان غەریب ـ رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامونووسان.
١٢- دیاری محمد ـ بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ.
١٣- ئەحمەد میرە ـ سەرنووسەری گۆڤاری لڤین
١٤-ئاسۆس هەردی ـ بەڕێوەبەری گشتی ڕۆژنامەی ئاوێنە.
١٥ - سالار رەزا سەعید.. ڕۆژنامەنووس
١٦- ئاکۆ محەمەد مەحمود ـ ئەندامی بۆردی گشتی دەزگای میدیایی ستاندار، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی.
١٧- هێمن مەحمود رەشید-بەڕێوەبەری کەناڵی زووم
١٨-عەبدولکەریم ئەحمەد ـ ڕۆژنامەنووس
١٩- ئاراس ئیبراهیم عبداللە ـ ڕۆژنامەنووس
٢٠- سنور کەریم ـ دەنگی ئەمریکا VOA
٢١- رۆشن قاسم ـ ڕۆژنامەنووس
٢٢- ئەرکان محەمەد ـ سەرنووسەری ڕۆژنیوز
٢٣- داهێن هاشم ـ ڕۆژنامەنووس KNN
٢٤- شنە پیرۆت ڕۆژنامەنووس ـ KNN
٢٥- ئاوات عبداللە حسن ـ ڕۆژنامەنووس
٢٦- ئازاد عوسمان، ڕادیۆی دەنگ