سەنتەری میترۆ: ساڵى ڕابردوو سێ رۆژنامەنوس بەدرۆن شەهید کراون

15 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى راپۆرتى سەنتەری میترۆ، ساڵی ڕابردوو (2024) 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە،  پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023.
ئەمرۆ شەممە لە مەراسیمێکدا، سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی 2024ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکردەوە.
بەپێى ناوەڕۆکى راپۆرتەکەى سەنتەرى میترۆ، ساڵى ڕابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەپێى ئامارو داکاتانى ناو راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە ئەو ساڵە 231 پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون. 
 
هەر بەپێی راپۆرتەکە، 103 رێگری لە رۆژنامەڤانان تۆمارکراوە، 24 دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانان بەبێ بڕیاری دادگە، 6 هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی و 2 شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی تۆمارکراون. 10٪ـی ئەو رۆژنامەڤانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و 90٪ـی دیکە نێر بوون. 
لەکۆتایی راپۆرتی سەنتەری میترۆدا کۆمەڵێک راسپاردە هەن کە داوا دەکات جێبەجێ بکرێن لەپێناو باشترکردنی دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا "پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەکان کە ئازادیی رۆژنامەنووسی زەوت دەکەن، کارکردن بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەچاوکردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی جووڵەی رۆژنامەنووسان لەسەر سنوورەکان، دەرکردنی رێنمایی بۆ یاسای پێدانی زانیاری و کۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە هەر تووندوتیژییەک بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان". 
سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە، بە هاوکاریی رێکخراوی پەیمانگەی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار