شاسوار عەبدولواحید: ناچینە حکومەت
9 كاتژمێر لەمەوپێش
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی بەشداریکردن لەحکومەت کۆبوونەوەو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر تا چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، ئەوا محەمەد سلێمان، سەرۆکی کاتی ئێستای پەرلەمانی کوردستان. دەست لەکار دەکێشێتەوە.
شاسوار عەبدولواحید، وتیشى: بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی جارێک و پارتی دوو جار سەردانی کردوون، بەڵام ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، شاندی پارتی پێیان گوتوون جگە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو پۆستەکانی دیکە بکەن، "بەڵام ئێمە بڕوامان بەو قسانە نییە و ناچینە حکومەتێکەوە ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت".
بەوتەی شاسوار عەبدولواحید، بەڵێنیان پێدراوە وەزارەتەکان بە هەموو پۆستەکانی دیکەوە بە نەوەی نوێ بدەن، 30 بەڕێوەبەری گشتی، 20 وەکیل وەزیر و چەندین پۆستی دیکە، بەڵام "متمانەمان نییە" و بەشداری لە حکومەت ناکەن.
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوە کرد، پارتی رازی بووە 6 وەزارەتیان پێبدات بە تەواوی پۆستەکانەوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە. وتیشی، جگە لە وەزارەتەکان، پێشنیازی 50 پۆستیان بۆ کراوە.
شاسوار عەبدولواحید لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتیشى: دەمانەوێت حکومەتى داهاتوو کێشەکان چارەسەر بکات بەتایبەتى کێشەى مووچە لەگەڵ بەغدا.