سنە؛ لە ١٠ مانگدا ٣٩٩ کەس بەڕووداوى هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە
6 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادى پارێزگاى کوردستان (سنە) ڕایگەیاند: لە ناوەڕاستى مانگى سێ وە تا ناوەڕاستى مانگی یەکى ئەمساڵ واتە (١٠) مانگ، ٣٩٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لەسنورى ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵى ڕابردوو بە ڕێژەی ١٠% زیادی کردووە.
بێهزاد غەزانفەر پوور، بە ئاژانسى ئیرناى ئێرانى ڕایگەیاندوە: لە کۆی ئەو ٣٩٩ کەسەی کە بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، ٨٩ کەسیان ژن و ٣١٠ کەسیان پیاو بوون.
بەڕێوەبەرى پزیشکى دادى سنە، ئاماژەی بەوەشکرد لە ماوەى ١٠ مانگى ڕابردوودا، 28 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سوتانەوە لە سنورى سنە ڕوویداوە، کە 13 یان ژن و 15یان پیاو بوون، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 16% زیاترە.
بێهزاد غەزانفەر پوور، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادی لە کوردستان، ژمارەی ڕووداوى خنکانى لە ١٠ مانگدا بەمجۆرە خستەڕوو دەڵێت: ١٣ ڕوداوى خنکا هەبووە، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 40% کەمیکردووە.
ئەو بەر پرسە حکومیە ئەوەشى ئاشکراکرد، حەوت کەس بەهۆى لێدانی کارەباوە، 12 کەسیش بەهۆی ژەهراویبوون بەغاز گیانیان لەدەستداوە، هەروەها وتیشى: لە ١٠ مانگى رابردوو لەکۆی 963 رووداو کە رەوانەى پزشکى دادى کراون، 143 یان بە هۆکاری سروشتی گیانیان لەدەستداووە.