خۆبەخشانى نەخۆشخانەی هیوا داوای دامەزراندن دەکەن
8 كاتژمێر لەمەوپێش
ــ ٢٣٠ کارمەندن ماوەى هەشت ساڵە بەخۆبەخشانە کاردەکەن
ــ ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان ئەژمار بکرێت
ــ نەخۆشخانەی هیوا 2007 کراوەتەوە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە
ماوەى هەشت ساڵە ٢٣٠ کارمەندى خۆبەخش لەنەخۆشخانەى هیوا لەشارى سلێمانى دەوام دەکەن، ئەمرۆ یەکشەمە بەشێک لەو کارمەندانە لەبەردەم نەخۆشخانەکە گردبوونەوە داوایانکرد دابمەزرێت و بکرێن بە هەمیشەیی.
ئەو خۆبەخشانە لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوەو تیایدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتى پەرلەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کرد.
رێبین عومەر، وەک نوێنەری خۆبەخشانی نەخۆشخانەی هیوا، وتى: ئەم ٢٣٠ کارمەندە زیاتر لە هەشت ساڵە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی حکومەتەکەمان، خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بەوپەڕی توانامانەوە کارمان کردووە، ئێستاش بە پێویستی دەزانین بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خزمەتکردنی باشترمان، لەگەڵ گۆڕانکارییە داراییەکان هەوڵێکی جیدیتر بۆ ئێمەش بدرێت.
نەخۆشخانەی هیوا ساڵی 2007 لە سلێمانی کراوەتەوە و تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە.
ئەوان لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیاندا زۆر جەختیان لەسەر دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی کردەوە، لەبەشێکى دیکەى کۆنگرەکە ڕایانگەیاند: پێویستە ئەو ساڵانەی وەک خۆبەخش کارمان کردووە، بە خزمەت بۆمان هەژمار بکرێت، چونکە وەک خۆبەخشێک ئەوە سەرەتاییترین مافی خۆمانەو لەو ماوەیەدا بەبێ جیاوازی، هاوشێوەی هاوڕێ دامەزراوەکانمان دەواممان کردووە.