وەزارەتی دارایی عێراق: موچەى مانگى یەک دابەشدەکەین 

6 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی حکومەتى عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند دەستکراوە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەکى ئەمساڵ.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتى دارایی، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، دەستی کردووە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی یەک (کانوونی دووەم)ی ئەمساڵ.

لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى دارایی ئاماژە بەوەدراوە: بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە یەکە ژمێریارییەکان لە وەزارەت و پارێزگاکان و دامەزراوە سەربەخۆکان کردووە کە نوێنەرەکانیان بنێرن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانیان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی پابەندبوون بە خشتەی مانگانەی پەسەندکراو و جێبەجێکردنی هەموو پێداویستییە داواکراوەکانی مووچە.

دابەشکردنى مووچەى مانگى یەک لە وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق، لەکاتێکدایە هێشتا مووچەخۆرانى حکومەتى هەرێم و هێزە ئەمنیەکان مووچەى مانگى ١٢ى ساڵى ڕابردوویان وەرنەگرتووە ناشزانرێت دابەشدەکرێت یاخود نا.
بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
شاندەکە پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار