دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە کێشەی تێکەوت
7 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای دوو خوێندنەوەی جیاواز لەسەر هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمـی کوردستان، وابڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگ بە پرۆژە هەموارەکە بدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشەی تێکەوت و دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ئەوانەی کێشەیان دروست کرد بە ئاشکرا "وتیان ڕێگە نادەین یاساکە تێپەڕێت."
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: کۆبوونەوە گرژی تێکەوت، لە 17 ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی 7 یان دژی بوون ونیسابیان تێکدا بۆ ئەوەی دەنگی پێنەدرێت، بە ئاشکرا وتیان ڕێگە نادەین و نابێت، پێم وایە لە جەلسەکانی داهاتوشدا قورسە ڕازی بببن دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەها جارێ دیاریش نییە کەی دەخرێتەوە بەرنامەی کار."
وتیشی: ئەگەر ئەو هەموارە نەکرێت، هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر تەسلیم نەکردنی نەوت، لە کاتێکدا بەفرۆشتنی نەوت بەشدار دەبین لە زیاد کردنی داهاتی عیراق."
5ی مانگی یانزەی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی یانزەی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجامبدرێت، دواتر لە 13ی مانگی یەک خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە کرا و وا بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگی پێبدرێت، بەڵام جارێکی تر کێشە لەبەردەم تێپەڕاندنی یاساکە دروستکرا ،دەنگدان بە یاساکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
هەموارکردنی یاسای بودجە تەنها بۆ ماددەى 12 بڕگەى (ج) ە کە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە حکومەتى فیدڕاڵ رەزامەندی نیشاندا بۆ دیاریکردنی خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک لە نەوت لە عێراق نزیکەی 6 دۆلارە. بەمەش بەشێکی زۆر لە فراکسیۆنە عێراقیەکان پێیان وایە 16 دۆلاری نەوتی هەرێم زۆرە و غەدرە لە حکومەتی ناوەندی.
هەرچەندە لە مانگی 3ی ساڵی 2023ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای عێراق ئاماژە بەوەدەکەن کە هەرێم، ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بە ڕێگەی نایاسایی دەیفرۆشێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە. هەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن پێدەچێت
لە داهاتوودا حکومەتی ناوەندی ئەمەش بکاتە دۆسیەیەک و لە ڕێگای داداگای فیدڕاڵیەوە لە دژی حکومەتی هەرێم بەکاری بهێنێت.