گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و خەمساردی لایەنەکان بەردەوامە

فشاری جدی یان مزایەدە و پێشنیاری نا لۆژیکی، کامیان برینەکان سارێژ دەکات؟

دوێنێ



پێدەچێت پێکهێنانی کابینەی نوێ تا دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوابخرێت، تا یەکێتی و پارتی پۆستەکانی عێراق و هەرێم وەک یەک پاکێچ لە نێوان خۆیان دابەشبکەن.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

ماوەی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، تا ئێستا یەک هەنگاوی سەرەتاییش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم نەنراوە و کۆی کۆبونەوە و دیدارەکان تەنها خولانەوە بووە لە بازنەیەکی بۆشی بێ بەرهەمدا.

وەک خۆ ئامادەکردنێکیش بۆ ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی بە تەمەنترین پەرلەمانتار کە تا هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان دانیشتنەکان بەرێوە دەبات، باس لەوە دەکرێت ئەوا دووەم کەسی بەتەمەن جێی دەگرێتەوە، بەو پێیەش دانیشتنەکانی پەرلەمان تا کاتێکی دوور و درێژی نادیار بە کراوەیی دەمێنێتەوە. ئەو خەمساردی و بێ باکییەی حزبە باڵا دەستەکانی هەرێم لە کاتێکدایە وڵات دوچاری چەندین جۆری قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی بوەتەوە.

بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی و رێکنەکەوتنی ئەو دوو حزبەش لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێم لە نێوان خۆیاندا، کێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە بە جۆرێک باس لەوە دەکرێت پێدەچێت پێکهێنانی حکومەت بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوابخرێت تا یەکێتی و پارتی کۆی پشکی پۆستەکانی کورد لە عێراق و هەرێم وەک یەک پاکێچ لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن، هەڵوێستی ئەو دوو حزبەش رێگەی خۆش کردووە کەسانی تر خۆیان وەک فریادرەس نیشانبدەن و پێشنیاری نالۆژیکی و بێ ناوەرۆک پێشکەش بکەن کە لەئەگەری جێبەجێکردنیاندا، جارێکی تر هەرێمی کوردستان دەباتەوە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و ئەو دوو ئیدارەییەی ئێستا زۆر زیاتر قوڵتر دەکاتەوە و زۆنەکان هێندەی تر لە یەکتر دادەبڕێت.

ئەو پێشنیارەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا خستییە ڕوو سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و تەرخانکردنی هەر ١٥ کورسییەکەی ئەگەر لایەنەکان بیانەوێت حکومەت بەدەر لە پارتی پێکبهێنن، رووبەرووی ڕەخنەی توندی کەسانی شارەزا لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح ئەو پێشنیارە بە فریودان لێکدەداتەوە و دەڵێت: دەستبەرداری فێڵ و فریودان نابێت! بە فێڵێکی ساختەی عاتفی دەیەوێت ئەوەی تورکیا دابپۆشێت. لە کۆتاییشدا دەڵێت ئەنجامەکەی دەبینین.

لای خۆیەوە محەمەد کیانی ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی سیاسی لێزان پێشنیاری ماقوڵ دەکات و هەرزە سیاسی بە دوای چەواشەکاری و مزایەدەکردنەوەیە بۆ لە خشتەبردنی حەشاماتێک.

ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیانەی رووی لەم دەڤەرە کردوە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی بە رێگایەکی داخراو گەیاندووە، و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان بەدیناکرێت، چاودێرانیش پێیان وایە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم کە هەردووکیان هێزی چەکداریان هەیە، هەرگیز دەستبەرداری پێگەی خۆیان لە ناو حکومەت نابن و لە ئەگەری وەدەرنانی هەریەکێکیشیان لە پێکهاتەی کابینەی نوێ دوور نییە هەرێم رووبەرووی خولێکی تری شەڕی ناوخۆ نەکەنەوە، ناکۆکی و دووبەرەکی ئەو دوو حزبەش تەنها لەسەر پۆست و دەسەڵات و داهاتە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەش زۆر کەس پێی وایە دەبێت هێزی دەرەکی بە تایبەت ئەمریکا فشارەکانی توندتر بکاتەوە، بەهۆی بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش پێدەچێت ئەمریکا یەکێتی و پارتی ناچار بکات تۆزێک وردە سازش بۆ یەکتر بکەن و هیچ نەبێ حکومەتێکی کاتی پێکبهێنن تا هێندەی تر هەرێمی کوردستان دوچاری قەیرانی زیاتری سیاسی و یاسایی نەکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار