کۆمەڵ بۆ شاسوار عەبدولواحید: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی حکومەت پێکبهێنن
دوێنێ
محەمەد حەکیم، وتەبێژو ئەندامى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، وەڵامى شاسوار عەبدولواحید دەداتەوەو دەڵێت فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن.
لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا، ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وتى: بۆ خەڵکی کوردستان شتێکی زۆر گرنگ، چوارشەمە کاک محەمەد سلێمانی دانیشتنی پەرلەمانی راگەیاندووە، ئەگەر یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیانەوێت ئەوا دەتوانن بە 15 کورسییەکەی ئێمەوە (سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان) هەڵبژێرن.
هەروەها وتیشى: ئێمە هیچ پۆستێکمان ناوێت هەر سێ پۆستەکە بۆ یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ؛ ئەگەر دەنگمان نەدانێ و هەڵمان نەبژاردن ئەوا دیارە ئەم قسانەی ئێمە ناراستە.
لەوەڵامى ئەو قسانەدا، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون.
وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت.