لەسەر دەنگدانەکەى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراق بارزانى پەیامێکى بڵاوکردەوە
13 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسعود بارزانى، بەبۆنەى دەنگدان بە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف.
هاوکات دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكات ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە.
لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە.
پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە.
کەمێک لەمەوبەر مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.
دەقى پەیامەکەى بارزانى
دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێكی گرنگدا دەنگی بە "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان. ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم.
هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.
مسعود بارزانی