زانکۆی سلێمانی: زانکۆ دڵشکێنەکە

هەرێم هادی حەسەن

2 هەفتە لەمەوپێش



هەرێم هادی حەسەن

سەرەتا با ئەوە بڵێم رێز و پێزانینم هەیە بۆ ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی لەو وێرانەیەدا مانادارانە دەرگیرن بە فێربوونەوە. ئینجا با دەست پێبکەین.

ئەمڕۆ دوارۆژی وانە وتنەوەم بوو لە زانکۆی سلێمانی. لە ئەزمونی چەند مانگی رابردووەوە، چەند سەرنجێک بە کورتی بەیان دەکەم. بڕوانامەی بەشی زۆری کۆلێج و بەشەکان لانی هەرەکەمی مەرجەکانی خوێدنی کواڵێتی بەرزییان تێدانییە. من کە ئێستا لە زانکۆی سلێمانی ورددەبمەوە یەک رستە بە مێشکمدا دێت "سکامی ملیۆنان دۆلاری." ملۆنان دۆلار مانگانە لەو زانکۆیەدا بە فیڕۆ دەچێت. با یەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بۆ ئەو حوکمانەی سەرەوە بخەمە روو. ئەوەندەی من پرسیارم کردبێت، لە سمیستەری پێشودا، بەشی زۆری کۆلێج و بەشەکان یان نیوەی کەمتری مەنهەج خوێندراوە، یان بە پەلە و بە شپرزەیی لە کۆڵکراوەتەوە. ئەمە کوفرە. تۆ کە بە ٤ ساڵی بەکالۆریۆس بەقەدەر ساڵێک مەنهەج بە خوێندکارەکانت دەڵێیتەوە، بەکام پێوەری زانستی و ئەخلاقی سەرقاڵی پەروەردە و فێرکردنیت؟ ئەی لە خۆرایە کە بۆ هەر ئاستێکی خوێندنی زانکۆ ژمارە و پێوەرەکانی کریدت دیاری کراوە؟ حەز دەکەم هەموو لایەک بزانێت، هیچ زانکۆیەکی جیهانی، کە لانی کەمی کەرامەتی ئەکادیمی لەبەرچاو بگرێت، هیچ بڕوانامەیەکی زانکۆی سلێمانی قبوڵناکات بەم حاڵەوە.

هۆکار چییە؟

سەری زووبان و بنی زووبانی مامۆستا خوێندکارەکان ئەوەیە کە "موچە" نییە بۆیە دۆخەکە وایە. ئاه لەم درۆیە!!  ئەمساڵ یانزە موچە دراوە، دەی ئەگەر بە ویژانەوە قسە بکەم نیوەی ساڵەکەش بە باشی دەوام نەکراوە. ئا لێرەدا پرسیارێک یەخەمان دەگرێت: بەرپرسیارێتی ئەخلاقی مامۆستا چییە؟ ئەسڵەن کەسێک ئەگەر دڵسۆزی و خەمخۆری نەبێت بۆ خوێندکارەکانی، ئەگەر ئەنیشتاین و ئەفڵاتونی حەکمیش بێت، شیاوی ئەوەیە پێ بڵێن "مامۆستا"؟ تێناگەم مامۆستاکان چۆن ویژدانیان رێیان پێدەدات ١١ موچە وەربگرن بەڵام هێندەی نیوەی ئەوەش ئیلتیزام نەکەن بە فێرکردنی گەنجانی ئەم نیشتیمانەوە؟ خەتای یەکێتی و پارتییە؟ ئەی ئێمەی مامۆستا لەوە زلتر دەبین؟ یانی ئەگەر شەقمان لەسەر نەبێت ئیدی ئیشی خۆمان ناکەین؟ کوا تاکی بەرپرس لەم مەملەکەتەدا؟!

بەهانەیەکی تر بۆ ئەم داڕزانە، بریتییە لە بایکۆت. پرسیارەکە ئەوەیە لە کاتی بایکۆتدا، ئەگەر مامۆستایەک مەبەستی بێت ناتوانێت بە ئۆنلاین هەندێک لە وانەکان بڵێتەوە؟ ئێستا ماڵ نییە لە کوردستاندا ئینتەرنێتی تیانەبێت. من ئەگەر بە ئەخلاق و ویژدانی مامۆستایەکی بەرپرسەوە غەم لە قوتابییەکانم بخۆم، با هۆڵەکانی زانکۆش قوفڵکرابن، ناتوانم بە ئۆنلاین هەندێک لەم داڕزینە کەمبکەمەوە؟

راستییە تاڵەکە ئەوەیە، ئەگەر بە ویژدانەوە حوکم بدەین، بە هەموو کەموکوڕییەکانی موچەوە، هێشتا زۆر زیاتر لە هەقی ماندووبن و بەرهەمداری خۆمان وەردەگرین لە کەرتی گشتییدا. بە پێی راپۆرتێکی یوئێن، فەرمانبەرێکی کەرتی گشتی بە تێکڕا لە کۆی ٨ کاتژمێر دەوامدا، تەنها ١٢-١٧ خولەک بەرهەمدارانە کار دەکات، ئەوەی ڕوودەدات لە ماباقی رۆژەکەدا، ئیهانەکردنە بە هەموو پرەنسیپێکی کارگێڕی.. دەی ئەگەر ئێمە لە ساڵێکدا ٦ موچە وەربگرین هێشا خێر و سەدەقەمان بەرامبەر کراوە.

چیم بە خوێندکارەکانم وت؟

"ئازیزانم، ئێوە خاوەن کەرامەتی ئیلاهین... پڕیشکی پیرۆز لە رۆحتاندایە... ئێوە باڵاترین بوونەوەری ئەم گەردوونەن. ئێوە خاوەن ئەقڵ و کەرامەتن، لێمەگەڕێن بەناوەی "پەروەردە"وە، ئیهانە بە کەرامەتی ئەقڵی و رۆحیتان بکرێت. بیرتان نەچێت رۆحی پەروەردە بریتییە لە خۆپەروەردەکردن. بیرتان نەچێت ئێمەی کورد چارەیەکمان هەبێت ئەوەیە خۆمان و برینەکان و خەونەکانمان بە جدی وەربگرین... تۆ غەم لە چاکە بخۆ، غەمەکە خۆی دەستی ئەقڵت دەگرێت بەرەوە چاکە... کە ناشرینە ئەو مرۆڤەی جدی نییە! خوداش لێی رازی نییە."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار