ئەنجوومەنی پارێزگاى کەرکوک دوو مانگە کۆنەبووەتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



سەلوە مەفەرجی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕایدەگەیەنێت ماوەی دوو مانگە ئەنجوومەنی پارێزگاکە کارەکانى ڕاگیراوەو هیچ کۆبونەوەیەکى نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی سیاسی لە پارێزگاکەدا بەدەست دەوڵەتێکی "لەرزۆک"ەوە دەناڵێنێت بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوی لایەنەکان .
ئەلموفەرجی، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەنجوومەنی پارێزگاکە ماوەی دوو مانگە دانیشتنەکانی ئەنجام نەداوە، ئەگەر کۆبونەوەی خۆیشی ئەنجامبدات، ئەوە تەنها کۆبوونەوەیەکی مشتومڕاوی دەبێت کە سنووردارە بە دەست بەرزکردنەوە و دەنگدان لەسەر بڕیارە بێسوودەکان.
ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ئەنجومەنە ئیفلیج بووە و تەواوکەری پرۆسەی سیاسی لاوازە کە بەهۆی بەشدارینەکردنی باقی لایەنەکانەوە تەواو نەبووە".

بەگوێرەی یاساکە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەن پێویستی بە ئامادەبوونی 50+1 هەیە، واتە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کەرکوک پێویستی بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام هەیە بەڵام لە دوای دانیشتنی 5ی تشرینی دووەمی 2024ەوە کە بە نیسابی یاسایی ئەنجومەن بەڕێوەچوو نەیتوانیوە ڕێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنە ئاساییەکانی دەستەبەر بکات.
ناکۆکییەکە لە ٩ی ئابی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد، کاتێک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئامادەبوونی ٩ ئەندام لە کۆی ١٦ ئەندام، حکومەتی نوێی کەرکووکی هەڵبژارد کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێبوار تەها، بە پارێزگاری شارەکە هەڵبژێردرا، محەمەد حافز، لە پێکهاتەی عەرەبی، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەک هات لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدای پایتەخت، کە لەو ماوەیەدا ڕێککەوتنێک کرا کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو کە مافەکانی هەر پێکهاتەیەکیان گەرەنتی کردبوو،. بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی ناوخۆیی.

دانیشتنەکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی بایکۆت کرا، لەلایەن ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشوو و سەرۆکی بەرەی تورکمانی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی شەرعیەتی دانیشتنەکە تۆمارکرا.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە لە ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکرات دوو کورسی و پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی مەسیحی یەک کورسی بەدەستهێنا کورسی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار