مامۆستایانى ناڕازى: دەوام ناکەین و لە سبەینێوە بایکۆتە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، لەمەودوا دەوامی بێمووچە ناکەن، لە سبەی یەكشەممەوە بایکۆتى هۆڵەكانی خوێندن دەستپێدەكاتەوە، تا موچەی مانگی 12ى ساڵى ڕابردوو، موچەى مانگی 1ی ئەمساڵ وەرنەگرن ناگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان و دەوام ناکەن.
لەکۆنگرەىەکى ڕۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ شەممە، دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بەیاننامەیەکیان بۆ ڕاى گشتى خوێندەوەو تیایدا چەند داواکاریەکیان خستوەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لە بەیاننامەکەیاندا دەڵێن، لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیاریەتی پێشتر ڕایانگەیاندوە تا ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبین، و لە ئێستاشدا بەهۆی بێ باكی دەسەڵات بڕیارمان داوە دوباری دەست بە بایكۆتی دەوام بكەینەوە.
هەروەها دەڵێن، لە سبەی یەكشەممە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەین و ناگەڕێنەوە بۆ دەوام، داواکارین پێش کۆتاییهاتنى ئەم مانگە، مووچەكانی مانگی 12ى 2024 و مانگی 1ی ئەمساڵ وەربگرین.
لەخاڵێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەكەى ئەو مامۆستا ناڕازیانە، داوا لەبەرپرسانى حکومەتى هەرێم دەكەن دەستبەجێ زانیاری ڕاست و دروست بنێردرێت بۆ بەغدا بەمەبەستی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەسەر بانكە فیدڕاڵیەكان، ئەگەر هەولێر ڕێگرە و ئەو كارە ناكات، ئەوا ئیدارەی سلێمانی هەڵسێت بە تەوتینی موچە لە ڕێگەی بانكە فیدڕاڵیەكانەوە.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن، پێوستە پلەبەزركردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەستپێبكاتەوە و هەر فەرمانبەرێك كە خانەنشین دەبێت، ئەوان سەرجەم پلە بەرزكردنەوەكانی بۆ بدرێت و مافەداراییەكانی پێبدرێت.
ناڕەزایەتیەکان و هەڕەشەى بایکۆت لەکاتێکدایە، سبەی یەکشەممە وەرزی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و قوتابیان دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
8ی ئەم مانگە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە پۆلەکانی چوار بۆ 12ی بنەڕەتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو 18ـی مانگ بەردەوام بوو. دواتر تاوەکو ئەمڕۆ قوتابیان پشوویان وەرگرت و بڕیارە سبەی بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.