ڕێباز حەملان: ئامادەکاریی بۆ لیستی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران دەکرێت
دوێنێ
رێباز حەملان بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق سەردانی تیمی تەکنیکی هەرێم و عێراقی کردووە و دەڵێت، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ لیستی موچەی مانگی یەک و رێکخستنی لیستی موچەی خانەنشینان بەپێی یاسای هاوتاکراوی بەرکار دەکەن.
لە راگەیەندراوێکدا رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت ئەمڕۆ شەممە تیمەکان لە کارکردن بەردەوام بوون، تا بە زوویی لیستەکە ئامادە بکەن بۆ ئەوەى ئالییەتی کارکردن و خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی 2025 بچێتە بواری جێبەجێکردن.
لای خۆیەوە رێباز حەملان، دەستخۆشی و سوپاسی ئاراستەکردوون و باسی لەوەکردووە، تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بگەرێنەوە بەغدا و ئالیەتی کارکردن و خەرجکردنی موچە بۆ ساڵی 2025 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات لەلایەکى دیکەوە، بڕیارە لیژنەى تەکنیکى هەردوو وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و فیدراڵ بڕیارە ئامادەکارییەکان تەواو بکەن و سەرجەم ژمارە و داتاکانى بخەنە بەردەم شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق، كە لە بەغداد کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکەش بە بەشدارى هەردوو وەزیرى دارایى بەڕێوەدەچێت، بڕیارە پرسى مووچە لەمساڵدا یەکلابکرێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند: داتا و زانیارییەکان لەبارەى بڕى تەرخانکراوى دارایى مووچەى مووچەخۆران، ژمارەى خانەنشینان، لایەنە تەکنیکییەکانى یوپى ئێن و بایۆمەترى لەخۆدەگرن.
لیژنە تەکنیکییەکەى هەرێمى کوردستان داوای کردووە، بۆ ساڵى 2025 بڕى تەرخانکراو بۆ مووچە 13 تریلیۆن دینار بێت، چونکە عێراق زیاتر لە 700 ملیار دینار دەبڕێت بۆ مووچەى خانەنشینى فەرمانبەرانى سەربازیى و شارستانى، بە ئامانجى ئەوەى 12 تریلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ مووچە بمێنێتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە سێشەممەی رابردوو تیمێكی وەزارەتی دارایی عیراق لە وەزارەتی دارایی هەرێم بوون، بۆ وردبینی لیستی موچە و شایستە داراییەكان و ئامادەكاری پێویست بۆ كۆبوونەوەكەی رۆژی یەكشەممە.