مەزڵوم عەبدی: لە کۆبانیەوە دەستمانپێکرد، بەرەو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبین
دوێنێ
بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی کۆبانێ، مەزلوم عەبدی - فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامین لە شەڕی دژی تیرۆر لە کاتێکدا هەوڵی بنیاتنانی سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر دەدەین، ئەو ڕێگایەی سەرکەوتن کە لە کۆبانیەوە دەستمان پێکرد، بەرەو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبین.
رۆژى 26ی کانوونی دووەم، دە ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانان تێدەپەڕێت، لە 2015دا دوای چەندین مانگ شەڕی سەخت لەو شارەدا، دواجار داعش دەرکرا و شارەکە ئازادکرا.
مەزلوم عەبدی - فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەپەیامێکیدا دەڵێت: لە ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانی لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعـ.ـش، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەمان لەبیرە کە بە قوربانیدانی قارەمانەکان چ ژن و پیاو بەدەست هات و چرایەکی هیوا بوو بۆ هەموو سوورییەکان.
هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کۆبانی تەنها سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژی و هێمای ئازادی و کەرامەت و یەکگرتوویی بوو.
مەزڵوم عەبدى لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى دەڵێت: ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامین لە شەڕی دژی تیرۆر لە کاتێکدا هەوڵی بنیاتنانی سوریایەکی سەلامەت و سەقامگیر دەدەین.
فەرماندەى هەسەدە وتیشى: ئەو ڕێگایەی سەرکەوتن کە لە کۆبانیەوە دەستمان پێکرد، بەرەو ئایندەیەکی باشتر بۆ گەلەکەمان بەردەوام دەبین.
تیرۆریستانی "داعـ.ـش" لە رۆژی 15ی ئەیلولی 2014دا هێرشیان كردەسەر كۆبانێو شەڕڤانانی (یەپەگە)و (یەپەژە) بە بەرخۆدانێكی بێ وێنەو لەپێناو پاراستنی شارەكە، بەرەنگاری ئەو تیرۆریستانە بونەوەو پاشان بە بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان بۆ هاوكاری شەڕڤانانو گەلی كورد لە رۆژئاوا، بە چەكی قورسو سوكەوە چونە كۆبانی.