بە هۆی تۆپبارانى تورکیاوە، هاووڵاتییەک برینداربوو خانوویەکیش تەقێندرایەوە
دوێنێ
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی ئاشتیسازانی کۆمەڵگە (CPT) رایگەیاند: بە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا، هاووڵاتییەک برینداربوو و خانووی هاووڵاتییەکی تریش تەقێندرایەوە.
ئەندامەکەى ڕێکخراوى CPT، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد لە کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو.
بەوتەى ناوبراو، ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک بارەگایەکی پاسەوانی سنوری عێراقەوە بە ئامانجگیراوە و پێشمەرگە بریندارەکە ناوی (جاسم محەمەد)ە و تەمەنی ٥٠ ساڵە. دانیشتووی پارێزگای دهۆکە و لە لیوای چوار، فەوجی دوو پێشمەرگەیە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ دەوام بە ئامانجگیراوە.
کامەران عوسمان ئەوەش دەخاتەڕوو هاوکات هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.