دەوڵەتی تورک عەین عیسای بۆردوومان کرد و منداڵێک شەهید بوو
دوێنێ
دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرووپە چەتەکانی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەین عیسا و بە چڕی تۆپبارانیان کرد، لە تۆپبارانی گوندی ئەل جەماسدا منداڵێک شەهید بوو.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە چەکی قورس گوندەکانی ئەل جەماس و ئەل فاتسا و ئەل عەبد جومعەیان لە عەین عیسا تۆپباران کرد.
لە هێرشی سەر گوندی ئەل جەماس لە یەک خێزاندا، منداڵێک بە ناوی ئاسیا حەمەد ئەل حوسێنی تەمەن (١٢ ساڵ) شەهید بووە، عەبدولڕەحمان ئیسماعیل ئەل حەسەنی (١ ساڵ) و ئەریج خالد ئەل حوسێنی (٢٠ ساڵ) برینداربوون.
لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ بە هۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، لەهەرێمى کوردستان هاووڵاتییەک برینداربوو و خانووی هاووڵاتییەکی تریش تەقێندرایەوە.
سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی ٢٠٢٤دا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و لە ئەنجامدا، پێشمەرگەکە برینداربوو.
هەر ئەمڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (نەجیب زێڕەنگەر) لە گوندی دێمکا بەئامانج دەگرن و دەیتەقێننەوە.