بکوژی گەنجەکەى ڕانیە دەیوست بچێتە دەرەوەى هەرێم، بەڵام دەستگیرکرا

5 مانگ لەمەوپێش
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا تونیویانە بکوژی گەنجەکەى ڕووداوەکەی ڕانیە دەستگیربکەن، بەکاتێکدا دەیویست بچێتە دەرەوەى هەرێم.
لەڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، دەزگاى ئاسایش دەڵێن پاش ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر ڕووداوەکە ئەنجامدا، بکوژەکەیان، لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لەهەوڵی دەربازبونیدابووە بۆ ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان.
بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە، 26-1-2025، لە گەڕەکی شەهیدانی رانیە چوار گەنج بە گوللـە بریندار بوون و بەهۆى سەختى برینەکەیەوە یەکێک لەو بریندارانەگیانی لەدەستدا.
کوژراوەکە ناوی ژیناڵ ئیبراهیم کەریمە، لەدایکبووی ساڵی 2004ـە و ئەندامی دژەتیرۆر بووە.
دەقى ڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایش
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دەستگیرکردنی بکوژی ڕووداوەکەی ڕانیە ڕادەگەیەنێت.
دوای ئەوەی شەوی ٢٥-٢٠٢٥/١/٢٦ لە گەڕەکی شەهیدانی شاری ڕانیە، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان چەند گەنجێکدا کەسێک دەکوژرێت بەناوی ( ژیناڵ ئیبراهیم کەریم )لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤، سێ کەسیش بریندار دەبن.
پاش ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان لەسەر ڕووداوەکە ئەنجامدا و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر بکوژەکەیان بەناوی ( م ، م ، أ ) دەستگیرکرد لەگوندی (زهنگڵان) لەپشدەر کە لەهەوڵی دەربازبونیدابووە بۆ ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان.
لەئێستادا تۆمەتبار بەماددەی ( ٤٠٦ )لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و دانیبەتاوانەکەیداناوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
