هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

دوێنێ



جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمڕۆ  سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کردوە.
لەوکۆبونەوەیەدا، جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە  کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. 

هەروەها رایگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاند كە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە میسر و ئیسرائیل ڕادەگیرێت و ماوەی 90 ڕۆژ ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە میكانیزمی هاوكارییەكان دەكرێت.
ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەستانی هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق لەمبارەیەوە دڵنیایی دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار